سەردێر

عیراق.. 4 ملیۆن و 100 هەزار كەس پێویستیان بە هاوكارییە

 

خەڵك
4 ملیۆن و 100 هەزار كەس لە عێراقدا پێویستیان بە هاوكاریی مرۆییە و ملیۆنێك و 349 هەزار و 400 ئاوارە لە عێراقدا هەن.


ئاژانسی تایبەت بە پێشكێشكردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ منداڵانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان (یونسێف) لە عێراق لە راپۆرتێكدا لەبارەی رەوشی مرۆیی عێراق ئاماژە بەوە دەكات،4 ملیۆن و 100 هەزار كەس لە عێراقدا پێویستیان بە هاوكاریی مرۆییە و 28٪یان ژنن، 44٪ یان منداڵ و 15٪یان خاوەن پێداویستیی تایبەتن.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا لە عێراق 2 هەزار و 600 منداڵ پێویستییان بە یارمەتیی مرۆیی هەبووە و باس لەوەش دەكات، هێشتا ملیۆنێك و 349 هەزار و 400 ئاوارە لە عێراقدا هەن.

ئەوەش هاتووە، دۆخی مرۆیی لە ئەمساڵدا خراپتربووە، بە جۆرێك ئەوانەی پێویستیان بە هاوكاریی بەپەلەیە ژمارەیان لە ملیۆنێك و 800 هەزار كەسەوە لە ساڵی 2020 بۆ 2 ملیۆن و 400 هەزار كەس لە ئەمساڵدا بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی كاریگەرییەكانی كۆرۆنا و قەیرانە مرۆییەكانی دیكەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، بە گەڕانەوە بۆ ئامارەكانی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوودا 104 هەزار ئاوارە لە 575 شوێنی نافەرمییدا نیشتەجێبوون و شوباتی ئەمساڵیش 275 هەزار ئاوارە لە 950 شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمییدا بوون، هەروەها یەك ملیۆنیان لە دەرەوەی كەمپەكاندا دەژین و لەو یەك ملیۆنەش تەنیا 71٪یان هاوكارییان پێگەیشتووە.