سەردێر

لاهور شێخ جەنگی؛ بەپشتیوانی یەكێتی سلێمانی بووە شوێنی لەدایكبوونی میدیای ئازاد

خەڵك
هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، یەكێتی هەڵوێستی نەگۆڕی هەیە بۆ پشتیوانیكردنی میدیای ئازاد و پشتگیریكردنی چالاكوانان، كە هەر بەو پشتیوانییەش سلێمانی بووە بە شوێنی لەدایكبوونی ئازادی و میدیای ئازادی كوردستان، دەشڵێت،” دەستوور بۆ هەمووانە نەك تەنها بۆ بەرژەوەندی ئەوانەی ناویان ناوە زۆرینە”.

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی٥ـی ٢٠٢١، لە شاری سلێمانی پێشوازیكرد لە مارتن هوس، باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و ڤێنسنت گیووم پۆپۆ، لێپرسراوی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان و لە دیدارێكدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا سەبارەت بە پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و پرسی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن.

جەختكرایەوە لەسەر گرنگی چڕكردنەوەی هەوڵەكان لە پێناو چالاككردنی پڕۆسەی سیاسی و گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ زاڵبوون بەسەر كێشە و گرفتەكان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەكان.

باس لە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی كرا و پابەندكردنی هەردوولا دووپاتكرایەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و پەنابردنە بەر دەستوور و ڕێككەوتنە ئیمزاكراوەكانی نێوانیان. بوونی نەخشەڕێگایەكی بنەڕەتی و درێژخایەنیش بە گرنگ زانرا بۆ یەكلاییكردنەوەی هەموو كێشەكان.

هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و فراوانكردنی پانتایی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان، پێویستی پارێزگاریكردن لە سەربەخۆیی دادگا لە كەیسی سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان دووپاتكرایەوە.

لاهور شێخ جەنگی، ڕاشیگەیاندووە، كە بە ڕای ئەوان ئەو كەیسە كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ناو و ناوبانگی حكومەت و هەرێمی كوردستان كە چەندین ساڵە خەباتمان بۆ كردووە و قوربانیمان بۆ داوە تا گەیشتووین بەو ئاستەی ئێستا.

لاهور شێخ جەنگی هەڵوێستی نەگۆڕی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی دووپاتكردەوە بۆ پشتیوانیكردنی میدیای ئازاد و پشتگیریكردنی چالاكوانان كە هەر بەو پشتیوانییەش سلێمانی بووە بە شوێنی لەدایكبوونی ئازادی و میدیای ئازادی كوردستان، دووپاتیشیكردەوە كە یەكێتیی بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتە و كاری زیاتریش دەكات بۆ پتەوكردنی كۆڵەكەكانی دیموكراسی و ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان.

لەبارەی دەستووری هەرێمی كوردستان لاهور شێخ جەنگی جەختیكردەوە، كە دەستوور بۆ هەمووانە نەك تەنها بۆ بەرژەوەندی ئەوانەی ناویان ناوە زۆرینە و پێویستە لە ڕێگەی دەستەیەكی نوێ و پسپۆڕەوە بنوسرێتەوە كە تەنها بەرژەوەندیی گشتی تێدا ڕەچاو بكرێت.

No description available.