سەردێر

ئێران و رووسیا زۆرترین هەواڵی ناڕاست بڵاودەكەنەوە

لیستی ئەو دەوڵەتانەی زۆرترین هەواڵی ناڕاست بڵاودەكەنەوە ئاشكراكرا

خەڵك-

بەپێی راپۆرتی سۆشیاڵمێدیای فەیسبووك رووسیا و ئێران زۆرترین هەواڵ و زانیاریی ناڕاست و چەواشەكاری بڵاودەكەنەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، تیمێكی ئاسایشیی فەیسبووك لێكۆڵینەوەیان كردووە لە 150 تۆڕی زانیاریی لە 50 دەوڵەت لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2020.

بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە، رووسیا پێشەنگە لە نێو 27 تۆڕدا بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاری ناڕاست، كە پێوەندییان بە چەند دامەزراوەیەكی رووسیاییەوە هەیە، لەگەڵ 4 تۆڕی دیكەی پێوەست بە دەزگای هەواڵگریی رووسیا و دووی دیكەشیان پێوەندییان هەیە بە مێدیای رووسیاوە.

ئێران پلەی دووهەم دەگرێت بە 23 تۆڕ لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاریی ناڕاست كە پێوەندییان هەیە بە حكومەتی ئێرانەوە.

میانمار پلەی سێهەمی هەیە، بەدوایدا ئەمریكا و ئۆكرانیا دێن.

چین ناوی نەهاتووە لەم بابەتەدا بەڵام ئەوە ناگەیەنێت، كە چین لەمبارەوە هیچی نەكردووە، بەڵكو ئەو لە رێگای دیكەوە ئەم كارەی كردووە.

ئێستا حكومەت و حیزب و كەسایەتییەكان لە رێگای سۆشیاڵمێدیاوە پارەیەكی زۆر خەرج دەكەن لە دروستكردنی پەیج و تۆڕی ساختەدا لە پێناو بڵاوكردنەوەی زۆرترین هەواڵ و زانیاریی ناڕاست لە بەرژەوەندیی خۆیان، هەرێمی كوردستانیش دوور نییە لە ئەم دیاردەیە.

لە هەرێمی كوردستان لە سۆشیاڵمیدیا رۆژانە بە هەزاران پۆست بڵاودەكرێنەوە، كە زۆرینەیان ئامانجی سیاسی و كەسییان لە پشتەوە بە ئامانجی چەواشەكردنی رایگشتیی و هاووڵاتیان.

حیزب و كەسایەتییە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان مانگانە و ساڵانە پارەیەكی زۆر خەرج دەكەن لە دروستكردنی پەیجی فەیسبووك و ستافی گەورەی بۆ دادەنێن، ئامانج لەئەم هەنگاوەیان بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاریی ناڕاستە لەبەرژەوەندیی خاوەنەكانیان و لە دژی نەیارەكانیان.