سەردێر

ئەمشەو مانگ گیرانە … نوێژی مانگ گیران چیە و چۆن دەكرێت؟

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە گەردونی و كەشناسییەكان، ئەمشەو لە دوای كاتژمێر 9ی شەوەوە دیاردەی نیمچە مانگ گیران ڕوودەدات و زیاتر لە 3 كاتژمێر دەخایەنێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان نابینرێت.

لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بۆ دیاردە گەردوونی و خواكردەكان چەندین زیكر و ڕێوڕەسمی ئایینی بوونی هەیە و لەكاتی مانگ گیران و خۆر گیرانیشدا نوێژی سوننەت دەكرێت.

سەبارەت بە شێوازی نوێژی سوننەتی مانگ گیران، مەلا موسلیم مەلا ساڵح فریزی، مامۆستای ئایینی لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، نوێژی مانگ گیران نوێژێكی سوننەتە و لەو كاتەی مانگ گیران دەستپێدەكات تا تەواو بوونی مانگ گیرانەكە نوێژەكە دەكرێت و دوو ڕكاتە.

ڕوونیشی كردەوە، ئەو دوو ڕكاتە بە تەنها یان بە كۆ (جەماعەت) دەكرێت و لە هەر ڕكاتێكدا دوو چەمانەوە (ڕكوع) و دوو ڕاوەستانی تێدایە پێش ئەوەی بچیتە كڕنووش (سوجدە)، واتە كە دەستت كرد بە نوێژكردن سەرەتا سورەتی (الفاتیحە) دەخوێنیت لەگەڵ سورەتێكی تر و ئینجا دەچیتە ڕكوع و هەڵدەستیتەوە هەمدیسان سورەتی (الفاتیحە) و سورەتێكی دیكە دەخوێنیت و دەچیتەوە ڕكوع و هەڵدەستیتەوە و ئینجا دەچیتە سوجدە.

وتیشی، “بۆ ڕكاتی دووەمیش بە هەمان شێوە دووبارەی دەكەیتەوە”.

مەلا موسلیم ئاماژەی بەوەشكرد، كە سوننەتە لەكاتی مانگ گیران زیكر و دوعا و داوای لێخۆشبوونی زۆر بكرێت.

محەمەد كەمال، شارەزای بواری كەشناسی و گەردوونی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمشەو، شەوی چوار شەممە، دیاردەی مانگ گیرانی تەواوەتی ڕوودەدات و مانگ شێوەی دەگۆڕێت بۆ ڕەنگی سوور هاوشێوەی خوێن.

ئاماژەی بەوەشكرد، مانگ گیرانەكە لەهەریەك لە وڵاتانی (ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەوروپا و ئوستڕالیا و ئەمریكا) دەبینرێت و ماوەی مانگ گیرانەكە 14 خولەكە و لەكاتژمێر 9:22 دەست پێدەكات و لە كاتژمێر 12:30 كۆتایی دێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان و عێراق نابینرێت.