سەردێر

پەڕلەمان و حكومەت دەربارەی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست كۆدەبنەوە

خەڵك-
بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەی پەڕلەمانی كوردستان بە بەشداری چەند وەزیرێكی حكومەتی هەرێم ئەنجام بدرێت و تێیدا گفتوگۆ بكرێت لەسەر بە هەمیشەیی كردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و لە بەرامبەریشدا داواكاری مامۆستایانی وانەبێژ بۆ بە گرێبەست كردنیان.

بەپێی یاداشتێك، كە واژۆی ژمارەی یاسایی پەڕلەمانتارانی لەسەرە، بڕیار دراوە كۆبوونەوەی پەڕلەمانی كوردستان لە هەفتەی داهاتوودا تەرخان بكرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژ.

سەرچاوەیەك لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، هەوڵەكانی پەڕلەمانتاران بەو ئاڕاستەیەن، كە پێش ئەوەی حكومەتی هەرێم پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم پەسەند بكات و بینێرێتە پەڕلەمان چارەنووسی فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژ یەكلایی بكرێتەوە، چونكە ئەوە ڕەهەندی دارایی هەیە.

وتیشی، “ئەگەر لە پڕۆژە یاسای بودجە ئەو پرسە جێگیر بكرێت و پارەی بۆ تەرخان بكرێت، ئەوكات لە پەڕلەمان ئاسانتر تێدەپەڕێت، بەلام ئەگەر تەنها لە پەڕلەمان كاری لەسەر بكرێت، ئەوا دەبێت جارێكی دیكە بۆچوونی حكومەتی لەسەر وەربگیرێت و ئەوەش كاتی زیاتری بۆ دەوێت.

لای خۆشیەوە، د. جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كە ڕێكارەكانی پەسەندكردنی بودجە تەواو كراون و هەفتەی داهاتوو لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و بەم زووانە پەسەند دەكرێت.

هاوكات، عەبدولسەلام دۆڵەمەری، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە بارەی چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ و سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان و فەرمانبەرانی گرێبەست، ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەیی خۆی بۆ دانیشتنێكی پەڕلەمان نیشانداوە و بڕیارە 2/ 6/ 2021 كۆبوونەوەی تایبەت ئەنجام بدرێت.

وتیشی، “خەمی مامۆستایانی وانەبێژ و سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان و فەرمانبەرانی گرێبەست، خەمی ئەوان و دامەزراندن و بە هەمیشەییبوونیان خەمی هەموو لایەكە، بۆیە دەیانەوێ بە ئامادەبوونی تیمی حكومەت چارەنووسی زیاتر لە 26 هەزار فەرمانبەری گرێبەست و 18 هەزار مامۆستای وانەبێژ و زیاتر لە 5 هەزار یەكەمی زانكۆ و پەیمانگاكان بزانن”.

جەختیشی كردەوە، وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئامادەی دانیشتنەكە دەبن و لای خۆشیانەوە، وەك لیژنەی پەروەردە بانگھێشتی وەزیری داراییشیان كردووه،‌ بۆ ئەوەی ئامادەی دانیشتنەكە بێت.