سەردێر

قوباد تاڵە‌بانی چەند بڕیارێك تایبەت بە وشكەساڵی دەردەكات

خەڵك-
بە‌مە‌بە‌ستی جێبە‌جێ كردنی پلانی ڕووبە‌رووبوونە‌وە‌ی وشكە‌ساڵی، بۆردێكی باڵا بە‌سە‌رۆكایە‌تی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیران پێكھێنرا و چەند بڕیارێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەسالی درا.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئە‌مڕۆ چوار شەممە 26/5/2021، بەسەرپەرشتی قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سەرۆكی ئە‌نجومە‌نی وەزیران و ئامادەبونی وە‌زیری كشتوكاڵ و سە‌رچاوە‌كانی ئاو و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان، دووەمین كۆبوونەوەی تایبەت بە‌ ڕووبەڕووبونەوەی وشكەساڵی لەهەرێمی كوردستان ئە‌نجامدرا.

لەكۆبوونەوەكەدا و لەبەر رۆشنایی بڕیارەكانی یەكەمین كۆبوونەوەی تایبەت بەرووبەرووبونەوەی ئەو دیاردەیە، تاوتوێی ئەو كاریگەرییانە كرا، كە وشكەساڵی لەناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستاندا دروستی دەكات، لەمبارەیەوە دكتۆر هەڵۆ عەسكەری، راوێژكاری تایبەتی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕاپۆرتێكی پێشكەش كرد لەسەر چۆنێتی ڕووبەرووبونەوەی وشكەساڵی و كەمكردنەوەی زیانەكانی لەسەر سێكتەرە جیاوازەكان.

لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا بە وردی گفتوگۆكرا دەربارەی چۆنێتی دەستپێكردنی قۆناغەكانی ڕووبەڕووبونەوەی دیاردەی وشكەساڵی، لەوبارەیەوە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، دەبێ هەنگاوی بەپەلە بگرینەبەر و بۆ ئەو مەبەستەش پلانێكی تۆكمە‌ ھە‌بێت‌ بۆ دابینكردنی ئاوی پاك بۆ ھاووڵاتیان.

هاوكات لەكۆبوونەوەكەدا پێداویستییەكانی هەر سێكتەرێك بەپێی ناوچە و پارێزگاكانی هەرێم و میكانیزمەكانی ڕووبەڕووبونەوەی وشكەساڵی خرایەڕوو، لەمبارەیەوە پێشنیازی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان تاوتوێ كرا و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

هەر لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا بۆردێكی سەرەكی بۆ رووبەرووبونەوەی وشكەساڵی بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بۆردێكی لاوەكی لەسەر ئاستی پارێزگا و یەكە ئیدارییە سەربەخۆكانیش دروست بكرێت.

بڕیاریش درا، كە ڕێكاری پێویست بۆ ڕێگری لەبەفیڕۆدانی ئاو لەهەرێمی كوردستان بگیرێتەبەر.

No description available.