سەردێر

حكومەت لەبارەی دەستگیركردنی سەركردەكەی حەشدی شەعبى ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-
میدیای ئەمنی سەر بە حكومەتی عیراق، ڕوونكردنەوە دەدات لەبارەی دەستگیركردنی قاسم موسڵیح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی ئەنبار.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن میدیای ئەمنی سەر بە حكومەتی عیراق بڵاوكرایەوە”بەپێی یاداشتی دەستگیركردن و لێكۆڵینەوەی دادوەریی كە لە 21ی ئایاری 2021 و بەپێی ماددەی 4ی بنبڕكردنی تیرۆر، هێزێكی ئەمنی لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە 26ی ئایاری 2021، ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنی تۆمەتبار قاسم مەحمود كەریم موسڵیحی ئەنجامدا”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لەئێستادا بەپێی ڕێكارە یاساییەكان، لیژنەی لێكۆڵینەوەی هاوبەش لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبار دەكات لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی كراونەتەوە”.

میدیای ئەمنی سەر بە حكومەت دەڵێت”ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنەكە هیچ لایەنێكی سەربازی یان ئەمنی نەكردۆتە ئامانج وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرێت بۆ مەبەستی ئاژاوەگێڕی، هەموو دەزگا سەبازی و ئەمنییەكانیش لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانن.

پێشتر سەرچاوە ئەمنییەكان ئاماژەیان بە دەستگیركردنی قاسم موسڵیح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی ئەنباريان كرد و ڕایانگەیاندبوو كە فەرمانی دەستگیركردنەكە لەلایەن فەریق ئەحمەد ئەبو ڕەغیف سەرۆكی لیژنەی بنبڕكردنی گەندەڵییەوە دەرچووە و لەلایەن هێزێكی ئەمنییە موسڵیح دەستگیركراوە.