سەردێر

ئەمشەو مانگ گیران ڕوودەدات

خەڵك-
ئەمشەو دیاردەی گەردوونی مانگ گیران ڕوودەدات و بەشێكی زۆری وڵاتان دەگرێتەوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان و عێراق نابینرێت.

مانگ گیران كاتێك ڕوودەدات، كە خۆر و مانگ و زەوی بكەونە سەر یەك هێڵی ڕاست و مانگ بەشێوەی تەواو دەچێتە سێبەری زەوی و زەویش ڕووناكی خۆر بەتەواوی دادەپۆشیت و ڕێگا نادات ڕووناكی بگاتە مانگ .

محەمەد كەمال، شارەزای بواری كەشناسی و گەردوونی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمشەو، شەوی چوار شەممە، دیاردەی مانگ گیرانی تەواوەتی ڕوودەدات و مانگ شێوەی دەگۆڕێت بۆ ڕەنگی سوور هاوشێوەی خوێن.

ئاماژەی بەوەشكرد، مانگ گیرانەكە لەهەریەك لە وڵاتانی (ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەوروپا و ئوستڕالیا و ئەمریكا) دەبینرێت و ماوەی مانگ گیرانەكە 14 خولەكە و لەكاتژمێر 9:22 دەست پێدەكات و لە كاتژمێر 12:30 كۆتایی دێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، چەقی مانگ گیرانەكە دەكەویتە كاتژمێر 11:22 خوولەكی ئەمشەو، بەڵام لە هەرێمی كوردستان و عێراق نابینرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە تایبەتەكانی بواری گەردوونناسی، لەماوەی ئەمساڵدا دوو جار دیاردەی خۆرگیران و دووو جار دیاردەی مانگ گیران ڕوو دەدەن، كە مانگ گیرانی یەكەمیان ئەمشەوە و ئەوەی دووەمیان لە شەوی لە 19-11-2021 دەبێت، كە دەكاتە ڕۆژی هەینی و مانگ گیرانی نیمچەی دەبێت.