سەردێر

جوتیار عادل زانیاری لەسەر مووچە و لێبڕین ئاشكرادەكات

خەڵك-
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختدەكاتەوە، كە بەم زووانە مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت و دەشڵێت: “كێشەی دواكەوتنی مووچە سیاسی نییە و داراییە و ئەگەر لایەنەكان هاوكاربن لێبڕینی مووچە نامێنێت”.

جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كێشەی دواكەوتنی مووچە نە سیاسیە و نە یاسایی و بەم زووانە سەرجەم فەرمانبەران مووچە وەردەگرن و كێشەكە چارەسەر دەكرێت، چونكە كێشەكە سیاسی نییە و بەهۆی ڕێكاری داراییەوەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیار درا پێداچوونەوە بە كاری سەرجەم وەزارەتەكان بكرێت و داهات زیاد بكات، بەڵام بە مەرجێك لەسەر هاووڵاتیان زیاد نەكرێت.

ڕاشیگەیاند، پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم لە هەفتەی داهاتوودا لە حكومەتی هەرێم گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

وتیشی، “لێبڕینی مووچە بەردەوام نابێت و هەر حكومەتێك پارەی هەبێت ڕاستەوخۆ دەیدات بە هاووڵاتییەكانی، چونكە ئێستا ئەوەی دەدرێت تەنها بەپێی داهاتی بەردەستە و بەشێكی داهات بۆ خەرجییەكانی حكومەتە و ئەوەی تری بە تەواوی دەدرێت بە مووچە”.

جەختیشی كردەوە، نامانەوێت دواكەوتنی مووچە لە قەبارەی خۆی گەورەتر بكرێت و ئەگەر لایەنەكان هاوكاربن مووچە بێ‌ لێبڕین دابەش دەكرێت.