سەردێر

وەزارەتی تەندروستی هەرێم روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

خەڵك
وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەو نەخۆشەی بەهۆی نەدانی پارەوە گوایە لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی هەولێر ڕێگری لە چوونە دەرەوەی كراوە، دەركەوتووە كە نەخۆشخانەكە ژیانی نەخۆشەكەی لە مەترسی رزگار كردووە، دوای خزمەتێكی زۆر بەهۆی باری داراییەوە نەیتوانیوە لەو نەخۆشخانەیە بەردەوام بێت و چۆتە نەخۆشخانەیەكی حكومی.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، كە دوابەدوای بەدواداچوونی دەستبەجێ و پێكهێنانی لێژنەیەكی تایبەتی لێكۆینەوە، لەو نەخۆشەی كە ماوەی ڕابردوو لەنەخۆشخانەیەكی ئەهلی لە هەولێر چارەسەری بۆ كرا، گوایە لەبەر نەدانی پارە ڕێگری لێدەكرا لەچوونە دەرەوەی، دەركەوتووە نەخۆشخانە ژیانی نەخۆشەكەی لە مەترسی رزگاركردووە و خزمەتێكی باشی نەخۆشەكەی كردووە لە ڕووی چارەسەر و ئەركی نەخۆش.

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕای گشتی …
هەروەك بەڵێنمان دابوو دوای لێكۆڵینەوەكردن، ڕای گشتی لە دەرەنجام و وردەكاریەكان ئاگادار بكەینەوە …
دوابەدوای بەدواداچوونی دەستبەجێ و پێكهێنانی لێژنەیەكی تایبەتی لێكۆینەوە بە ئامادەبوون و چاودێریكردنی دادوەر و نوێنەری داواكاری گشتی و سەرپەرشتی بەڕێز وەزیری تەندروستی سەبارەت بەو نەخۆشەی كە لە یەكێك لە نەخۆشخانە تایبەتەكانی شاری هەولێر دوای نەشتەرگەری و وەرگرتنی چارەسەر گوایە لەبەر نەدانی پارە ڕێگری لێدەكرا لە چوونە دەرەوە، دوای سەردانیكردنی لێژنەكانی پشكنین و بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری سەلمێنراو لەسەر ئەم كێشەیە و لێكۆڵینەوەكردنی یاسایی و مەیدانی لەم بابەتە، دەرەنجام گەیشت بەم ئەنجامانەی خوارەوە:
١- نەخۆشخانە ژیانی نەخۆشەكەی لە مەترسی رزگار كردووە و خزمەتێكی باشی نەخۆشەكەی كردووە لە ڕووی چارەسەر و ئەركی نەخۆش، وە لەبەر وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەكە ماوەتەوە چونكە سەرەڕای نەشتەرگەری و تێكچونی باری تەندروستی، هەر خۆی نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە بۆیە پێویست بووە تا ماوەی چەند ڕۆژێك لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.
٢- خزمەتگوزاری پزیشكی بەشێوەیەكی ڕێكوپێك پێشكەش بە نەخۆش كراوە، نەخۆشخانە درێغی نەكردووە لەمە، دوای بینینی كامێڕای چاودێری نەخۆشخانە ئەوەی كە دەگوترا بە دانانی پاسەوان و نەخۆش زیندانی كراوە دوورە لە ڕاستی.
٣- دوای باشبوونی باری تەندروستی و لەسەر داوای نەخۆش و لەبەر باری دارایی نەخۆش گواستراوەتەوە بۆ یەكێك لە نەخۆشخانە حكومیەكان، دوای ئەوەی جارێكی تر رازینەبووە لەوێ بمینێتەوە دووبارە گەڕاوەتەوە نەخۆشخانەی ناوبراو.
٤- نەخۆشخانە لە تەواوی خەرجی نەخۆشەكە خۆشبووە جگە لەو پارەیەی سەرەتا لە نەخۆشەكە وەرگیراوە بەمەبەستی نەشتەرگەری و هیچ كەس و لایەنێكی دیكە پارەی بۆ نەخۆشەكە نەداوە تا ئێستاش.