سەردێر

كێن ئەوانەی 150 ملیار دۆلارییان لە عیراق بردۆتە دەرەوە؟

لیژنەی دەستپاكی پەرلەمان وەڵام دەداتەوە

خەڵك-
لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عیراق، ئەو لایەنانە ئاشكرا دەكات كە بەرپرسن لە بردنەدەرەوەی 150 ملیار دۆلار لە عیراق، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو.

مەحمود جواد، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەنی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”ئەوانەی دەستییان لە بردنەدەرەوەی 150 ملیار دۆلاردا هەیە لە عیراق لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، كەسێتییە سیاسی و حكومی و پەرلەمانییە دەستڕۆیشتووەكانن، وێڕای بوونی لایەنە نێودەوڵەتییە تێوەگلاوەكان لە دۆسێی بەقاچاخبردن، ئەمەش لەكاتێكدایە كە كاریی بەقاچاخبردن تا ئەمڕۆ بەردەوامە، سەرەڕای ئەو ڕەوشە سەختە ئابورییەی بەسەر وڵات و گەلدا هاتووە”.

بە وتەی جواد”یاسای گێڕانەوەی پارەكانی گەندەڵی كە لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارەوە پێشنیاركراوە، زۆر گرنگە، بەڵام ئەو یاسایە پێویستە بەشێوەیەكی ڕاست جێبەجێ‌ بكرێت، نەك تەنیا وەك مەرەكەبی سەر قاغەز بمێنێتەوە وەك زۆرێك لە سایاكانی تر، چونكە یاساكە پێویستی بە ئیرادەیەكی سیاسی و حكومی ڕاستەقینە لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و لێپێچینەوە لە گەندەڵكاران، ئەم ئیرادەیەش نەڕەخساوە سەرەڕای بوونی یاساكان”.

ئەندامەكەی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عیراق دەڵێت”داڕشتنی ئەو یاسایە، بەپێی چوارچێوەیەكی ڕاست و كاركردنێكی ڕاستگۆیانە و بەدوور لە دەستوەردان و گوشارە سیاسییەكان، سنورێك بۆ گەندەڵی لە وڵاتدا دادەنێت، دەبێتە مایەی زیندانیكردنی هەندێك لە سیاسەتمەداران، بۆیە ئێمە كار بۆ داڕشتنی دەكەین لەم خولەی ئێستای پەرلەمان”.