سەردێر

هاتووچۆ لە مەرزی سەیرانبەنەوە دەستپێدەكاتەوە

خەڵك-

قایمقامی بانە ڕایدەگەیەنێت، لەڕێی بەفەرمی بوونی دەروازەی سنووریی سەیرانبەندی بانە و بەستنی گرێبەست لە گەڵ حكومەتی ناوەندیی عێراق، هاتووچۆی لە سنوورەكەوە دەستپێدەكات.

ئیسماعیل ڕۆستەم پوور، قایمقامی بانە بە ئاژانسی (مێهر)ی ئێرانی ڕاگەیاندووە”لە سەفەری شاندی عێراقی لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی پێشوو، رێككەوتنی پێویست بۆ دامەزراندنی سیستەم و كرانەوەی سنووری سەیرانبەند كرا.

ناوبراو وتیشی: تا ئێستا بە لە بەرچاو گرتنی خاڵە تەندروستییەكان، لە چەند قۆناغدا موسافیر لەم سنوورەوە هاتوچۆیان كردووە و ئەو كەسانەی دەیانەوێ لەم سنوورە بپەڕنەوە دەبێ مۆڵەت لە پۆلیسی بەرپرسی پاسپۆرت كە لەو سنوورەدا ئامادەن، وەربگرن”.

بە وتەی ڕۆستەم پوور”هەموو قۆناغەكانی هاتوچۆی موسافیر كە لە سنوورە فەرمییەكانەوە ئەنجام دەبێت، لەم سنوورەش بەڕێوە دەچێت و پشكنینی كۆرۆناش بۆ هەموو موسافیرەكان دەكرێت”.

قایمقامی بانە دەڵێت”نزیكایەتی پەیوەندی فەرهەنگی دانیشتوانی پارێزگەی كوردستان (سنە) و هەرێمی كوردستان، سەرمایەدانان لە بەشە جۆربەجۆرەكان دابین دەكات و گەشەی گەشتیاری و هەلی كاری بەدواوە دەبێت”.

ئەم قسانەی قایمقامی بانە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ دوو شەممە، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و شاندێكی ئیدارەی سلێمانی كە لە بازرگانان و سەرمایەداران پێكهاتبوون، سەردانی شاری سنەیان كرد، بۆ مەبەستی بەشداریی لە یەكەمین كۆڕبەندی ئابووری بانە.