سەردێر

مردنی بێهزاد مەحموودی كێشەی پەنابەرانی رۆژهەڵات بەكوێ دەگەیەنێت؟

لایەنە سیاسییەكانى رۆژهەڵات لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوە

خەڵك-تەنیا هەورامی

سەرۆكی پارتی سەربەستی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، “یو ئێن” پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی لە هەرێم و عێراق پشتگوێ خستووە.

هەفتەی ڕابردوو بەهۆی نەبوونی و هەژارییەوە گەنجێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و شەوی ڕابردوو بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.

عارف باوەجانی سەرۆكی پارتی سەربەستی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بابەتی پەنابەری لەسەر ئاستی جیهاندا بوونی هەیە، بەڵام بەداخەوە زۆر كەس هەیە بابەتەكەی تێكەڵ كردووە و باسی ساردوسڕی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن، ئەوەش هەڵەیەكی گەورەیە.
وتیشی”باشوری كوردستان دەسەڵاتی ئەوەی نییە پەنابەر وەربگرێت، بەڵام ئەو كوردانەی لەبەر هەر كێشەیەك دێنە هەرێم وەكو ماڵە باوانێك دێن و نابێت گلەیی بكەین و چاوەڕێی ئەوە بكەین وەكو هەر وڵاتێكی تر پەنابەر بیت”.

ئاشكراشیكرد، ئەركی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە پێداویستییەكانی پەنابەران جێبەجێ بكات، ئەویش بەداخەوە پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی لە هەرێم و عێراق ئیهمال كردووە.
ڕوونیشیكردەوە، دوای سەرهەڵدانی شەڕی سوریا، “یو ئێن” پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی پشتگوێ خستووە، لەكاتێكدایە كێشەی ڕۆژهەڵات لە سوریا كەمتر نییە، ئەوەی ڕووشیدا نەهامەتیەكی گەورەیە لە ڕۆژهەڵات ئەوانەی هەڵدێن، نەتەوە یەكگرتووەكان مافیان پێنادەن، ئەمانە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ بێ وڵاتی و بێ نیشتمانی، دەبێت كار بكەین بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی وڵاتی خۆمان و چاوەڕوانی ڕوودانی ڕووداوی ناخۆش نەبین.

وتیشی”ئەو گەنجە دوو ساڵە ناوی نووسیووە، بەڵام دەستبەدەست كراوە و هیچ بەڵێنێكی پێنەدراوە، بۆیە گەیشتووەتە ئاستی كۆتایی و بێزاری و دەستیچووە سوتاندنی خۆی”.

سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەكان ناوبراو ڕایگەیاند، دوێنێ بەشێك لە حزبەكان لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوە هەرچەند لەگەڵ ئەوەدا نیم و دەبوو نوێنەری پەنابەران دابنیشتنایە، بەڵام بڕیاریان داوە ئەو چەند خاڵەی كە داوایان كردووە بەشێكیان چارەسەر بكرێن، بەڵام نازانم تا چەند چارەسەر دەكرێن.

بۆ بابەتی خۆسوتاندنەكەش، ناوبراو ئاشكرایكرد، نەدەبوو “یو ئێن” بەو ئاسانییە بابەتەكەی وەربگرتایە و نەیانوتایە پێمانوایە ئەوشتە ڕوونادات، كە بە بەرچاوی خۆشیان بینیان ڕووداوەكە ڕوویدا تەنها بەیاننامەیەكی دوو دێڕیان دەركرد، چاوەڕوان دەكرا بەرانبەر بەو ڕووداوە هەنگاوی جدیتر و لێدوانی زیاتر و داوای لێبوردن لە بنەماڵەكەی بكرێت، تەنها ئەوەندەیان وت كە تووشی شۆك بوون.