سەردێر

بەرهەم ساڵح: زیاتر لە 150 ملیار دۆلار بە گەندەڵی چوەتە دەرەوەی عێراق

خەڵك-

سەرۆك كۆماری عێراق یاسای “گێرانەوەی پارە و سامانی دزراو و بە تاڵانبراوەكانی عێراقی بۆ دەرەوەی وڵات” ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق كرد و رایگەیاند، گەندەڵی زیانی گەورەی بە ئابوری عێراق گەیاندوە و پارەیەكی زۆری عێراق بە گەندەڵی رەوانەی دەرەوەی وڵات كراوە.

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ یەك شەممە لەمیانی وتارێكدا ڕایگەیاند، داهاتی نەوت لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا نزیكەی هەزار ملیار دۆلاری ئەمركییە، هەندێك داتا ئاماژە بەوە دەكەن كە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار بە گەندەڵی چوەتە دەرەوەی عێراق، ئەو پارانە بەس بون بۆ ئەوەی كە بارودۆخی عێراق باشتر بكرێت، ناكرێت روبەڕوبونەوەی گەندەڵی تەنها لەچوارچێوەی عێراقدا كاری بۆ بكرێت بەڵكو پڕۆژە یاسایەكمان كردوە بۆ ئەوەی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و دراوسێ بەهاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و سودوەرگرتن روبەڕوی ئەو دیاردەیە ببینەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بانگهێشتەی كە پێشتر پێشكەشی نەتەوە یەكگرتوەكانی كردوە ئێستا جارێكی دیكە ئاڕاستەی دەكەن و هاوپەیمانێتیەكی نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی دابمەزرێنێت هاوشێوەی ئەو هاوپەیمانێتیەی بۆ روبەڕوبونەوەی داعش دامەزراوە.

دیارترین ئەو خاڵە گرنگانەی لە یاساكەدا هاتون:

-رێوشوێنەكانی ئەم یاسایە هەموو ئەو بەرپرسانەی دەوڵەتی عێراق دەگرێتەوە كە لە ساڵی 2004 تاوەكو ئێستا، پۆستە باڵاكانیان لە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژورتر گرتووەتەدەست، بەتایبەتی ئەو بەرپرسانەی ئەگەری تێوەگلانیان لە گەندەڵی لەوانی دیكە زیاترە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارە داراییەكان لە لیستێكی متمانەپێكراودا ناوی ھەموو ئەو بەرپرسانە ئامادە بكەن كە لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا لە پۆستە باڵاكاندا بەرپرسیارێتیان وەرگرتووە.

-ئامانجی سەرەكی ئەم یاسایە گێڕانەوەی پارە بە قاچاخ و بە گەندەڵی و تاڵانبراوەكانی ناوەوە و دەرەوەی عێراقە: ئەو پارە و سامان و داهات و موڵك و ماڵانەی بەهۆی تاوانەكانی گەندەڵییەوە بەدەستهاتوون، هەروەها ئەو قازانجەش كە لێیەوە بەدەستهاتووە، یان ئەو موڵك و ماڵانەی بەو داهاتانە كڕادراون یان مامەڵە و ئاڵوگۆڕیان پێكراوە یان بەمەبەستی سپیكردنەوە تێكەڵ بە موڵك و ماڵ و مامەڵەی دیكە كراون.

-لە دوای سێ مانگ لە دەرچوونی یاساكە، دەستەی دەستپاكی، لیستی ناوی بەرپرسانی خاوەن پلە و پایە باڵاكان و ئەندامانی خێزانەكانیان، هەروەها ئەو كەسانەش كە پەیوەندییەكی بەردەوام و تۆكمەیان لەگەڵدا هەبون دەداتە بانكی ناوەندی عێراق، لیستەكە ساڵانە تازە دەكرێتەوە، بانكی ناوەندی عێراق گشتاندن بۆ لیستەكە دەكات بە مەبەستی پیاچوونەوە و ووردبینیكردنی لە سەرجەم دامەزراوە داراییەكان.

-لەسۆنگەی ئەم یاسایەوە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی لەو پارە و سامانە دەكرێت كە بە گەندەڵی بەدەستهاتووە، لەلایەن كەسانی نزیك و ئەندامانی خێزانی بەرپرسەكان یان هاوڕێكانیان یان هەموو ئەوانەی كە بە جۆرێك لە جۆرەكان پەیوەندی سیاسی یان بازرگانیان لەگەڵدا هەبوون، هەروەها ئەوانەش دەگرێتەوە كە لەو 17 ساڵەدا كەسانی خاوەن هەژموونبوون و كاریگەریان هەبووە لەسەر بڕیارەكان لە ناو دەزگا و جومگە هەستیار و گرنگەكانی دەوڵەتی عێراق.

-لە دوای دەرچوونی یاساكە، دەبێت بەرپرسان و خاوەن پۆست و پڵە باڵاكان لە ماوەی 60 رۆژدا، دەستنووسێك واژۆ بكەن و تیایدا رەزامەندی خۆیان نیشان بدەن كە دەستەی دەستپاكی و دادگاكانی عێراق، مافی ئەوەیان هەیە داوای زانیاری لەو دەوڵەتانە بكەن كە ئەو بەرپرسانە تیایدا خاوەن هەژماری تایبەتی بانكین، ئەو دەستنووسەش دانپێدانانی ئەو بەرپرسانە دەبێت بەوەی رەزامەندن كە مۆركی نهێنی و تایبەتی لەسەر هەژمارە بانكییەكانیان هەڵبگیرێت و زانیارییەكانیان بخرێنەبەردەست دامودەزگا فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراق و ئەو دەوڵەتانەی تیایدا خاوەن هەژماری بانكین، بە پێچەوانەوە دوای تێپەربوونی ئەو 60 رۆژە ئەگەر ئەو دەستنووسە لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە پێشكەش نەكرێت، بە دەستلەكاركێشاوە هەژمار دەكرێن و بەرپرسیارییەتەكەیان كۆتایی پێدێت.

-دەستەی دەستپاكی لەسەر بنەمای بەڵگەی تەواو و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری و دیوانی چاودێری دارایی، بۆی هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق پشكنین و بەدواداچوون بكات، سەبارەت بە مامەڵە داراییەكان و حەواڵەكان و ماڵ و موڵكی ئەو بەرپرسانەی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە، بەو ئامانجەی سەرچاوەی ئەو سامان و موڵك و ماڵانە ئاشكرا بكرێت، هەروەها ئاست و مەودای كاریگەرییەكانی لەسەر بڕیاردان لەناو دەسەڵاتەكانی دەوڵەت و دامودەزگاكانی عێراق و راوەدووی هەموو ئەو گەندەڵكارانەش بكات كە لە دەرئەنجامی پڕۆسەكانی لێكۆڵینەوە و گەڕان و پشكنین تۆمەتی گەندەڵییان بەسەردا ساغ دەبێتەوە.

-تیمێكی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بە هاوبەشی لە نێوان هەریەك لە وەزارەتی دەرەوە، دەزگای هەواڵگری، دەستەی دەستپاكی، بانكی ناوەندی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی پێكدێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتان بە مەبەستی سۆراغكردن و لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ پارە بەتاڵانبراوەكانی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات و دۆزینەوەی گەندەڵكاران، هەروەها زانیاری و بەڵگەنامە كۆدەكاتەوە سەبارەت بە ماڵ و موڵك و سامان و پارەی عێراقییەكان لەو وڵاتانە كە پۆستی باڵایان لە رابردوو و ئێستا هەیە.

-وەزارەتی دەرەوە، لە رێگەی باڵوێزخانە و دەزگا پەیوەندیدارەكان پلانێك دادەڕێژێت بە مەبەستی مۆركردنی رێككەوتننامەی دووقۆڵی لەگەڵ دەوڵەتان، بە ئامانجی گێرانەوەی پارە بە تاڵانبراوەكانی عێراق لە دەرەوەی وڵات، هەروەها دەسبەسەراگرتن و گێڕانەوەی هەموو ئەو قازانج و داهاتانەی لێیانەوە بەدەستهاتوون و دەستگیركردنی گەندەڵكاران و رادەستكردنەوەیان بە دەوڵەتی عێراق و راپێچكردنیان بۆ بەردەم دادگا و دادوەری.

-یاساكە رێگاخۆش دەكات بۆ مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییە بەناوبانگەكان بەمەبەستی سۆراغكردنی پارە بەتاڵانبراوەكانی عێراق كە بەگەندەڵی بردراون بۆ دەرەوە، هەروەها كۆی ئەو داهاتانەی لێیانەوە بەدەستهاتوون.

-دەزگا و دامەزراوە داراییەكان، بانكی ناوەندی عێراق ئاگادار دەكەنەوە سەبارەت بەو لیستانەی ئامادە دەكرێن و تایبەتن بەو مامەڵە داراییانەی كە بەهاكەیان لە 500 هەزار دۆلاری ئەمریكی زیاترە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە سەرچاوەكانیان.

-بە سەرپەرشتی بانكی ناوەندی عێراق، دامەزراوە داراییەكانی عێراق پابەند دەكرێن بە لێكۆڵینەوە لە ناسنامەی ئەو كەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن بۆ دڵنیابوون لە ناسنامەی ئەو كەسانەی خاوەن هەژماری بانكین و بڕەكەی لە یەك ملیۆن دۆلار زیاترە.

-هەڵوەشاندنەوە و كۆتاییهێنان بەو گرێبەست و مۆڵەتانەی وەبەرهێنان كە لە رێگەی بەرتیلەوە یان بە سود وەرگرتن لە هەژموون و پێگە و بوونی بەرپرسیارێتی یان هەر رێكارێكی دیكەی گەندەڵییەوە ئەنجام دراون.

-بە گوێرەی یاساكە و بە مەبەستنی هاندان و پێدانی زانیاری لەسەر گەندەڵكاران، پاداشتێكی دارایی دەدرێت بەو كەسانەی زانیاری لەو بارەوە دەدەن بە دەزگا پەیوەندیدارەكان، بری ئەو پاداشتەش دەگاتە 5% بەهای ئەو پارەی دەدۆزرێتەوە و دەردە.