سەردێر

مەراسیمی دانانى بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنم دەستیپێكرد

خەڵك-

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جوتیاران لە پارێزگای سلێمانی دانا.

كاتژمێر 12ی ئەمڕۆ یەك شەممە 2021/5/23، مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، بەردی بناغەی سایلۆی سلێمانی و پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جوتیاران لە پارێزگای سلێمانی دانا و بەپێی زانیارییەكان، پڕۆژەكە بریتییە لە دروستكردنی سایلۆیەكی مۆدێرن و عەمباركردن و بەرهەمهێنانی خۆراك و بە بازاڕكردنی گەنم و دانەوێڵە و دروستكردنی بەرهەمە خۆراكییەكان بە تازەترین تەكنەلۆجیا و بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەكان و بە بڕی زیاتر لە 122 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە سەرەتای مەراسیمەكەدا لە وتارێكدا ڕایگەیاند، پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم لە بواری كشتوكاڵ و بازرگانی لە پلەی یەكەمدایە.

وتیشی”پارێزگای سلێمانی لە داهاتوویەكی نزیكدا دەبێتە خاوەنی بەرهەمی خۆماڵی و نیشتمانی”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پڕۆژەكە ئاسایشی خۆراك زامن دەكات.

ناوبراو سوپاسی حكومەتی كرد بەتایبەت وەزارەتی كشتوكاڵ و گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان بۆ ئەم پڕۆژە ستراتیژییە و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە ئاسایشی ئابووری كە ساڵانێكە جوتیاران بەدەستییەوە دەناڵێنن.

 

لای خۆشییەوە شێخ فاخیر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان كە پڕۆژەكە جێبەجێ دەكات، لە مەراسیمەكەدا ڕایگەیاند، پڕۆژەكە بەپێی ستانداری جیهانی دەكرێتەوە و عەمبارێكی مۆدێرنەی گەنم دەبێت لە هەموو عێراق.

وتیشی”چیتر جوتیاران ترسی فەوتانی گەنمەكەیان نابێت، چونكە پڕۆژەكە تەنیا بریتی نییە لە هەڵگرتنی دانەوێڵە، بەڵكو بریتییە لە گۆڕینی گەنم بۆ بابەتی دیكە لە ڕێگای چەندین كارگەی دیكەوە، واتە بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە لە دڵەراوكێی بەرهەمەكەی بێت، بەڵكو تەنها لە خەمی گواستنەوەی ئاستی بەرهەمەكەیدا دەبێت.

دواتر بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ڕایگەیاند، دڵنیام لە ئایندەیەكی نزیكدا بەرهەمی كاری ئەم پڕۆژەیە بە چاوەكانی خۆمان دەبینین كە دەچێتە خزمەتی جوتیارانی ئازیز.
وتیشی”هەوڵی وەرگرتنی ڕێژەی گەنمی زیاتر دەدەین، هەرچەندە بە داخەوە ئەمساڵ تاكو ئێستا لە حكومەتی ناوەند بە مەبەستی دیاریكردنی پشكی هەرێم و وەرگرتنی جوتیاران كۆنەبووەتەوە”.
ئاشكراشیكرد، ئەم جیاكارییە لە وەرگرتنی گەنم تەنها بەرانبەر جوتیارانی هەرێمەو هیچ پاساوێكیش نییە لەو بارەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دروستكردنی ئەم پڕۆژانە ڕەخساندنی بوارە بۆ جوتیاران كە بەرهەمی بەرهەم هاتوو پێشكەش بكەن و ڕاستەوخۆش شایستە داراییەكانیان وەربگرن.