سەردێر

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات

خەڵك-

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی ئەو كەسانەی لە جیهاندا بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە دوو بۆ سێ هێندە زیاترە.

سەمیرا ئەسما، یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی بەشی زانست و شیكاری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە كۆنفڕانسێكدا ڕایگەیاند، ئەگەر هەیە لە ساڵی ٢٠٢٠دا شەش بۆ هەشت ملیۆن كەس بەهۆی كۆرۆنا-وە گیانیان لەدەستدابێت و پەتاكەش هەتا ئێستا لە گەشەكردندایە.

وتیشی، “لە هیندستان و نیپاڵ و بەشێك لە وڵاتانی ئاسیا و ئەمریكای لاتین ژمارەی حاڵەتەكانی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە هەڵكشانی خێرادایە و زۆر وڵاتیش لە ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكانی تایبەت بە كۆرۆنا كێشەیان هەیە”.

ئاشكراشیكرد، داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەكەین تەواوی هەوڵەكانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی تەواوەتی پێشكەشی ڕێكخراوەكەیان بكەن.

بەپێی ئامارەكان، تا ئێستا نزیكەی 3 ملیۆن و 500 هەزار كەس بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، پێشبینیش دەكرێت ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانەی بەهۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە لە ڕاپۆرتەكاندا تۆمارنەكرابێت و ژمارەی راستەقینەی قوربانییانی ئەو پەتا جیهانییە دوو بۆ سێ هێندەی ئەو ژمارەیە بێت.