سەردێر

بارزانی لەبەر خاتری نەوشیروان مستەفا چی كردووە؟

خەڵك-
پەڕلەمانتارێكی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان سەبارەت بە پرسی دەستوور، بزووتنەوەی گۆڕان بە “قەرزدار”ی حزبەكەی دەزانێت و دەڵێت: “بارزانی لەبەر خاتری نەوشیروان مستەفا دەستووری گەڕاندەوە”.

دوای دەستپێكردنی گفتوگۆكان بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان دوای 30 ساڵ لە حوكمڕانی كوردی، هەندێك نووسین و بۆچوون لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە و بەریەككەوتن لەنێوان بەشێك لە پەڕلەمانتارانی گۆڕان و پارتی دروست بووە.

هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “ھیچ کەس و لایەنێک ھیندەی بزووتنەوەی گۆڕان قەرزداری پارتی نییە، چونكە کاتی خۆی لەبەر خاتری نەوشیروان مستەفا، جەنابی بارزانی ڕازی بوو دەستوور بگەڕێتەوە و سەرلەنوێ بنووسرێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوەی بارزانی کردی، بۆ خاتری یەکریزی کوردستان بوو، لای پارتی ھیچ شتێک ھیندەی کوردستان و خەڵکەکەی گرنگتر نییە. ئێستاش جەنابی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێم پرسی دەستوور و یەکریزی ھێناوەتە کایەوە.

دەشڵێت: “پارتی نەیوتووە دەستوور بۆ پارتی دەنووسین، دەستوور بۆ میللەتێک دەنووسرێت و لەلان ھەموو ھێزە سیاسی و قانونییەکانی ئەم ھەرێمەوە دەنووسرێت، کە گۆزارشت لە ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکات”.

ئەو ەڕلەمانتارەی پارتی جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە پەیامی برایەتی و یەڕیزی لەسەرووی ھەموو پەیامێکی دیکەوە بێت و حەقە ڕێگە لە دووبەرەکی بگێرێت و ئەوەی ئێستا سەرۆکی ھەرێم دەستی پێکردووە، کەم نییە و با تێکی نەدەین.

ئاشكراشی كرد، لەم ڕۆژانەی داھاتوودا نێچیرڤان بارزانی، ھەنگاوی دیکە بۆ یەکریزی دەھاوێژیت با ھەموومان پاڵپشتی خێر بین نەک شەڕ.