سەردێر

پاسپۆرتێكی نوێ دەدرێتە هاووڵاتیان

خەڵك-

سەرجەم وڵاتانی جیهان داوا لە دانیشتوانیان دەكەن پێكوتەی كۆرۆنا وەربگرن، لای خۆشییەوە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاشكرای دەكات، وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا باشترین یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهاندا و بەرپرسانی وڵاتی سویدیش ئاشكرایان كردووە، لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە پاسپۆرتی ڤاكسین دەستەبەر دەبێت.

بەپێی زانیارییەكان، داوا لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەكرێت لەو بەروارە ئامادەبن بۆ پێدانی ئەو پاسپۆرتە و لە ئەگەری پێڕانەگەیشتنیان، شەش هەفتەی دیكە مۆڵەتیان پێدەدرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكان زۆربەی وڵاتان لە سەرەتای مانگی حەوتدا ئامادە دەبن.

بەپێی زانیارییەكان، بەڵگەنامە یاخود پاسپۆرتی ڤاكسین چەندین زانیاری لەخۆی دەگرێت بەتایبەت، هەڵگری پاسپۆرتەكە ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووە، كۆرۆنای گرتووە و چاكبۆتەوە، یان پشكنینی نێگەتیڤی كۆرۆنا كە نابێت ٧٢ كاتژمێر بەسەر ئەنجامدانی پشكنینەكەدا تێپەڕ بووبێت.

ڤایرۆسی كۆرۆنا نزیكەی 2 ساڵە سەریهەڵداوە و بەهۆیەوە تەواوی جیهان گیرۆدەی بووە و تاكو ئێستاش زیاتر لە 166 ملیۆن كەس لە سەرتاسەری جیهان تووشی ئەو ڤایرۆسە بووە و نزیكەی 3 ملیۆن و 500 هەزاری بەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستاوە.