سەردێر

باران و ڕەشەبا ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، نمە باران و ھەورە بروسكە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و خێرایی با زیاد دەكات و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: “لە سبەینێوە ئەم شەپۆلی گەرمایە كۆتایی دێت”.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ شەممە ٢٢-٥-٢٠٢١ لە ئەنجامی كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەكی لاوازی دەریای ناوەڕاست ئاسمانی ھەرێم لەكاتەكانی بەیانی تا نیوەڕۆ بەزۆری ساماڵ و پەڵە ھەور ئەبێت و لەكاتەكانی دوای نیوەڕۆ بۆ شەو بەزۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور لەگەڵ چالاكبوونی بای باشوری ڕۆژئاوا بە خێرایی ١٥ بۆ ٣٠ كیلۆمەتر زیاتر لە كاتژمێرێكدا.

ڕاشیگەیاند، ئەگەری چڕبوونەوەی ھەور ئەبێت لەكات و شوێنی دیاری نەكراودا بەشێوەی نمە باران و ڕوودانی ھەورە بروسكە بەتایبەت لەناوچە شاخاوییەكاندا كاریگەری زیاتر ئەبێت و پلەكانی گەرما بە بەرزی ئەمێننەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، سبەی یەك شەممە، كاریگەری ئەم شەپۆل گەرمایە كۆتایی پێدێت و پلەكانی گەرما بەڕێژەی ٤ تا ٦ پلەی سیلیزی روو لەنزمبوونەوە دەكاتەوە.