سەردێر

گۆڕانكاری لەخشتەی پێدانی كارەبادا دەكرێت

خەڵك
بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، رێژەی بڕینی كارەبای نیشتیمانی لەچەند كاتژمێرێكی كەم دایە، بەڵام لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین خواستی هاووڵاتیان لەسەر كارەبا وەك هۆیەكی فێنكردنەوە زیاتر بووە و مانگی داهاتوو گۆڕاكاری لەخشتەی كارەبا دا دەكرێت.

ئەمڕۆ پێجشەممە 20-05-2021، سالار حیسامەدین، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ساڵانی ڕابردوو بەگشتی لەوەرزی هاویندا كارەبایەكی باش بەهاووڵاتیان دراوە، كە لە سەرووی 20 كاتژمێر بووە، هیواخوازین ئەمساڵیش بەهەمان شێوە بێت.

ڕاشیگەیاند، لەئێستادا رێژەی بڕینی كارەبای نیشتیمانی لەچەند كاتژمێرێكی كەم دایە و وەك حكومەت بەرنامەیان وایە ئەمساڵیش رێژەیەكی باشی كارەبا بە هاووڵاتیان بدرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و وەرزی هاوین، خواستی هاووڵاتیان لەسەر كارەبا وەك هۆیەكی فێنكردنەوە زیاتر بووە و بەم هۆیەش لەمانگی حوزەیراندا گۆڕانكاری لەخشتەی پێدانی كارەبادا دەكرێت.