سەردێر

وەزارەتی ناوخۆ بڕە پارەیەك بۆ شەقامەكانی سلێمانی تەرخان دەكات

خەڵك
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا 220،215،360 بۆ دروستكردنی (بلواری ناوەڕاست) بۆ شەقامەكانی پارێزگای سلێمانی تەرخانبكرێت.

بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە 17ی ئایار بەواژۆی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ دەرچوو”بڕیارماندا بە تەرخانكردنی بڕی 220،215،360 (دو سەد و بیست ملیۆن و دو سەد و پازدە هەزار و سێ سەد و شەست دینار) لەسەر حسابی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ سلێمانی، بەمەستی دروستكردنی (بلواری ناوەڕاست) بۆ شەقامەكانی پارێزگای سلێمانی”.

هەر لە نوسراوەكەدا هاتووە”بڕیاری تەرخانكردنی ئەو بودجەیە دوای ئەوە هات لە 7ی نیسانی ئەمساڵ دەرخستەی ئەم پڕۆژەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆوە پێشكەشكراوە”.

لەم چەند رۆژەی دوایی تەرخان نەكردنی بودجە بۆ درەخت و بلوار و سەوزاییەكانی سلێمانی لەلایەن حكومەتەوە، ناڕەزایی هاوڵاتیانی بەدواداهات، ئەمەش وایكرد جێگری سەرۆكی حكومەت ڕابگەیەنێت كە لە ڕێگای ژمارەیەك سەرمایەدارو حكومەتەوە، گرفتی ئاودانی پاركو باخچەكانی سلێمانی چارەسەر دەكرێت و پارەی پێویستی بۆ تەرخان دەكرێت.