سەردێر

نێچیرڤان بارزانی: دەستوور بۆ ڕێكخستنەوەی سیستمی سیاسی هەرێمە

خەڵك-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسی “دەستوور و یەكڕیزی” ڕایگەیاند، دەستوورمان بۆ ئەوەیە سیستمی سیاسی لە هەرێمی كوردستان ڕێكبخەینەوە و وتیشی، “جیاوازی حزبیمان هەیە، بەڵام دەبێت یەكڕیزبین و یەك شوناسمان هەبێت”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم لە پانێڵێكی تایبەتی كۆنفڕانسەكە ئاماژەی بەوەكرد، دەبێت چەمكی هاووڵاتیبوون پەرەی پێ‌ بدەین و هەر یەكەمان بزانین ماف و ئەركمان چییە و ئەوەش لە دەستووردا دەچەسپێت لەڕێگەی دانانی یەك شوناس، كە هەموومان كۆبكاتەوە.

ڕاشیگەیاند، نووسینی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و دەبێت سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان ڕێكبخاتەوە و پێكهاتەكانیش هەست بە دڵنیایی بكەن.

وتیشی، “دەست بە هەنگاوی كرداری دەكەین بۆ نووسینەوەی دەستوور و سەردانی سەرجەم لایەنەكان دەكەین و دەبێت ئەو دەستوورە هەموو خەڵك و پێكهاتەكانیش بپارێزێت”.

جەختیشی كردەوە، جوانی هەرێمی كوردستان لە پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانە و دەبێت زامنی مافی هاووڵاتی بوون بكەین و هەموومان كوردستانی بین و یەكڕیزبین.

سەرۆكی هەرێم دەڵێت: “دەستووری عێراق مافی بە هەرێمی كوردستان داوە دەستووری خۆی هەبێت و دەبێت لەو دەستوورەی هەرێمدا سیما تایبەتەكان، كە هەرێمی پێ‌ جیادەكرێتەوە بچەسپێن وەك دیموكراسی و پێكەوەژیان و مافی مرۆڤ”.

جەختیشی كردەوە، دەبێت هەموو حزبەكان شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی و هەموومان پێكەوەبین و قۆناغە سەختەكە تێپەڕێنین و ئەوانەی لە حكومەتن لەكاتی دەستكەوتەكان هەریەكەی خۆی نەكاتە خاوەنی و كاتێك كێشە و قەیرانیش هەبێت هەریەكەی بیدات بەسەر شانی ئەوی تردا، بۆیە بە یەكەوەبوون دەتوانین دەستكەوتەكان بەدەست بهێنین.

نێچیرڤان بارزانی وتی، “سوپاسی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان و مووچەخۆران دەكەین، كە خۆڕاگر بوون و ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئەم حكومەتە نەیدەتوانی بمێنێتەوە و بەردەوام بێت”.