سەردێر

بافڵ تاڵەبانی: ڕێبازەكەی مام جەلال و كاك نەوشیروان بەردەوامە

خەڵك-
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەچوارەمین ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان و دامەزرێنەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، كوردستان گەنجینەیەكی گەورەی سیاسەت و نوسەرێكی لێهاتوی لەدەستدا، بەڵام ڕێبازەكەی مام جەلال و كاك نەوشیروان بەردەوامە.


بافڵ تاڵەبانی، لەپەیامەكەیدا هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكیدا ڕایگەیاند” چوارساڵ لەمەوبەر كوردستان یەكێك لە سیمبولەكانی شۆڕشی نوێ، سەركردەی رۆژانی خەبات، گەنجینەیەكی گەورەی سیاسەت و نوسەرێكی لێهاتوی لەدەستدا، ئەو رۆڵە مێژوییەی كاك نەوشیروان لە دروستبوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا بینیویەتی بۆ هەمیشە لەیادمان دەبێت”.

بە وتەی بافڵ تاڵەبانی”ئەو رۆڵە مێژوییەی كاك نەوشیروان لە دروستبونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا بینیویەتی بۆ هەمیشە لەیادمان دەبێت و بە ئەوپەڕی وەفادارییەوە لێی دەڕوانین. هەوڵەكانیشی لەپێناو چاكسازی و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان بەرز دەنرخێنین.”

تالًەبانی پێیوایە”كۆچی دوایی هەردوو سەركردە و خەباتگێڕ مام جەلال و كاك نەوشیروان، بۆشاییەكی گەورەی لە كایەی سیاسیدا دروستكرد، بەڵام ڕێبازەكەیان بەردەوامە و ئەمڕۆ ئێمە درێژە بەو كاروانە ئەدەین. بەڵێنی خۆمان دوپات دەكەینەوە كە هەڵگری مەشخەڵی خزمەتكردنی خەڵك، چاكسازی، یەكڕیزی و تەبایی دەبین.”

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەی هاوپەیمانی نێوان حزبەكەی و گۆڕان، لە پەیامەكەیدا ڕایگەیاندووە ” پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستانیش لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوی عێراق هەر لەوپێناوەدا بوە. پێكەوە ھەنگاوی جدی دەنێین بە ئاراستەی یەكڕیزی نیشتمانیی، خزمەتكردنی زیاتری خەڵك و بەھێزتركردنی پێگەی ھەرێم.”