سەردێر

ڕێواز فایەق: نابێت هەندێك بیروبۆچوونی جیاواز ببنە ئاستەنگ لەبەردەم دەستوور

خەڵك-

سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەستووری هەرێمی كوردستان زۆر زەروورە هەبێت.

ڕێواز فایەق سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان، لە كۆنفرانسی زانكۆی كوردستان-هەولێر كە بۆ یەكڕیزی و دەستوور سازكرابوو، ڕایگەیاند، وەكو سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان، سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانیان كردووە بۆ ئەوەی لەسەر دانانی دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان ڕێكبكەون.

وتیشی”هەندێكجار گوێم لە هەندێك لە سیاسییەكانە كە دەڵێن با دەستوورمان نەبێت هەلومەرج لەبار نییە، دەیەوێ ئەو ئازادییەی هەیەتی لە هەڵسوكەوت لەوەی كۆتی لەسەر نییە و دەستێوەردان دەكات و هێزی هەیە و گەندەڵی دەكات، دەیەوێ شتێك نەبێت ڕایبگرێت”.

ئاشكراشیكرد، ئەوكاتەی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردووە داوایان لێكردووە وەك لایەنی كۆكەرەوە یەكڕیزییەك دروست بكات بۆ ئەوەی هەمووان كۆك بن لەسەر دانانی دەستوورێكی گونجاو.

ڕوونیشیكردەوە، لەبەرئەوەی دەستوورێك نییە، كارەكانیان بەشێوەیەكی تەقلیدیی بەڕێوەدەچێت و نابێت هەندێك بیروبۆچوونی جیاواز ببنە ئاستەنگ لەبەردەم دانانی دەستوور، بەڵكو دەستوور دەبێت ببێتە چاككەرەوەی ئەو لارییە و كۆتوبەند لەسەر دەسەڵاتەكان دابنێت بۆ ئەوەی دەستێوەردان لە كاروباری دەسەڵاتەكانی دیكە نەكرێت.