سەردێر

ئاڵتون بەرزترین نرخ تۆمار دەكات

خەڵك-
بە وتەی شارەزایانی كاروباری زێڕ، نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی خۆی تۆمار دەكات و نرخی یەك ئۆنسە دەگاتە سەرووی 1900 دۆلار.

دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ نرخی یەك ئۆنسە زێڕ گەیشتۆتە 1870 دۆلار و نرخی یەك لیرە بە 402 دۆلار بوو.

ڕاشیگەیاند، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بووە بە 449 هەزار و عەیارە 21 بە 393 هەزار و عەیارە 18 بە 337 هەزار دینار.

ڕوونیشی كردەوە، دوای ئەوەی ئۆنسە گەیشتە ١٨٥٠ بۆ ١٨٦٢ دۆلار و جێگیر بوو، دواتر بەهۆی بەهێزی ئۆنسە گەیشتە ١٨٦٨ دۆلار و ئێستا ئاڕاستەکان بەرەو قۆناغی بەرزبوونە بە جۆرێك لە قۆناغی یەكەم دەڕوات بۆ 1878 دۆلار و قۆناغی دووەم بۆ (1880 بۆ 1892 دۆلار) و قۆناغی سێیەم بۆ (1892 بۆ 1923) دۆلار.

ڕوونیشی كردەوە، لە قۆناغی یەكەم ئەگەری هەڵگەڕانەوەی هەیە واتە بگاتە ١٨٧٨ دۆلار و زیاتر نەڕوات و ئەگەری کشانەوەی ئۆنسە دەمینێت تا ١٨٤٤ دۆلار، بەڵام بەگشتی ئێستا سیناریۆی بەرزبوونەوە بەهێزە و ئۆنسەی زێڕ ئامانجی بەرزبوونەوەی ترە.

دانا وەرتی وتیشی، “ڕووداوەکانی جیهان و خواست و خستنەڕوو لەم هەفتەیە و ڕۆژانی تر یەکلایی دەکاتەوە و ئەکرێت پێچەوانەی بکاتەوە لە خاڵی ١٨٧٨ دۆلار”.