سەردێر

نەبوونی فێنككەرەوە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو خوێندكاران دروست دەكات

خەڵك-
ماوەی چەند ڕۆژێكە پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن بە شێوەی تەناوب دەستی پێكردۆتەوە، بەڵام بەهۆی كەمی ئامێرەكانی فێنككەرەوە و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی (سكچوون و ڕشانەوە) لەناو خوێندكاران هەیە، بەتایبەتیش، كە لە ئێستادا بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا خوێندكاران دەمامك دەبەستن.

بەهۆی وشكەساڵی و كەمی بارانەوە، گەرمای ئەمساڵ زووتر دەستی پێكرد و هاوكات بەهۆی بەستنی دەمامك لەلایەن خوێندكارانەوە بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا، زیاتر هەست بە گەرما دەكەن و لەگەڵ ئەوەشدا سەرەڕای بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بەڵام هێشتا بەشێكی زۆری خوێندنگەكان بەتەواوی ئامێری فێنككەرەوەیان تێدا نییە و هەندێك جاریش كارەبا دەبڕێت و ئەمەش زیاتر بۆتە هۆی هیلاكی بۆ خوێندكاران.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و كەمی فێنككەرەوە لە ناوەندەكانی خوێندن، چەند حاڵەتێكی نەخۆشی (سكچوون و ڕشانەوە) لەناو خوێندكاران تۆمار كراوە و خوێندكارانیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە داوا لە بەرپرسانی پەروەردە و تەندروستی دەكەن، “تا زیاتر گەرمای نەكردووە و كەمبوونەوەی كارەباشی نەهاتۆتەپاڵ چارەیەك بۆ دۆخەكە بدۆزنەوە”.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی كرد، بە مامۆستا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی، بەڵام هیچیان پەیوەندییەكانیان بەردەست نەبوو.

لای خۆشیەوە، د. سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە وتەبێژی فەرمی هەیە و لەسەر ئەو پرسانە قسەدەكات و (خەڵك)یش پەیوەندی كرد، بە سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەوە، بەڵام “بەهۆی باری تەندروستییەوە” نەیتوانی لێدوان بدات.

مامۆستا گێلاس جەمال، بەڕێوەبەری خوێندنگەی ئاسۆی شەهیدان لە سلێمانی لە ئاگادارییەكدا، كە لە هەژماری فەرمی خوێندنگەكە لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، “بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما لەکاتی دەوام و کاریگەری نەرێنی لەسەر فێربونی قوتابیان، کاتی دەوامی سەرجەم پۆلەکان ( 1 و 2 و 3 و 4 و 5 و 6) ڕۆژانی ( شەممە و دوو شەممە و چوار شەممە ) لەکاتژمێر (8)ی بەیانی دەست پێدەکات، بەهیوای تەندروستی و سەلامەتیتان”.

لای خۆشیەوە، د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەنردسوتی هەرێم بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، تا ئێستا بە فەرمی هیچ زانیارییەكمان بۆ نەهاتووە لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سكچوون و ڕشانەوە لەناو خوێندكاران، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەبێت فێنككەرەوە بۆ خوێندكاران دابین بكرێت، چونكە ناكرێت داوا بكەین خوێندكار دەمامك ببەستێت و پابەندی ڕێكارەكان بن و لەولاوە فێنككەرەوە نەبێت.

ڕاشیگەیاند، دەبێت چارەسەری تەواوەتی بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە، چونكە كێشەی تەندروستی دروست دەكات و وتیشی، “ئەو بابەتە زیاتر پەیوەستە بە پەروەردەكان و دەبێت چارەسەر بكرێت”.

جەختیشی كردەوە، ئەگەر شتی فەرمی لە تەندروستی سلێمانیەوە بە ئێمە بووترێت ئەوە ڕێكاری پێویست دەگرینەبەر و خۆشمان بەدواداچوون دەكەین لەوبارەیەوە، چونكە تەندروستی خوێندكاران بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە.