سەردێر

پلەبەرزكردنەوە بۆ كارمەندانی وەزارەتێكی هەرێم دەستی پێكردەوە

خەڵك-
حكومەتی هەرێمی كوردستان پلەبەرزكردنەوەی بۆ كارمەندانی ناوخۆ دەستپێكردەوە لەكاتێكدا ماوەی 6 ساڵە بۆ فەرمانبەران ڕاگیراوە و بۆ هێزەكانی پێشمەرگەش 3 ساڵ دواكەوتووە.

بەپێی بریاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە بیانووی قەیرانی دارایی لە ساڵی 2016ەوە و لەگەڵ دەستپێكردنی پاشەكەوتی مووچە، پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانیش ڕاگیراوە و تا ئێستا ئەو مافە یاساییە نەگەڕێنراوەتەوە، بەڵام دواتر پلەبەرزكردنەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە كرایەوە.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، كە دوێنێ‌ 17ی ئایار دەرچووە و دەست (خەڵك) كەوتووە، ئاماژە بە فەرمانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت دراوە بۆ بەرزكردنەوەی پلەی ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ، كە ژمارەیان 356 ئەفسەرە.

وەك لە فەرمانە وزارییەكەدا هاتووە، “پلەبەرزكردنەوەكە لە مانگی 1ی ئەمساڵەوە هەژمار دەكرێت.

عەمید دلێر نەجات، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا پیرۆزبایی لە ئەفسەرانی هێزەكانی پۆلیس دەكات بە بۆنەی پلەبەرزكردنەوەیان بەپێی خشتەی (9-1-2021) و دەڵێت: “هیوادارین ببێتە هاندەرێك بۆ زیاتر پاراستنی سەقامگیری و سەروەری یاسا و سەروماڵی هاووڵاتیان و خزمەتكردنی ھاووڵاتیان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەژێر ئاڵای بەرزی كورستاندا دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەین”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بڕیاری حكومەتی هەرێم، پلەبەرزكردنەوەی ساڵی 2017ش بۆ هێزەكانی پێشمەرگە جێبەجێ كرا و فەرمانی پلەبەرزكردنەوە بۆ هەموو ئەوانە دەرچووە، كە شایستەی پلەبەرزكردنەوەی ساڵی 2017 بوون، بۆ پلەبەرزكردنەوەی ساڵی 2018 بە پێی میكانیزمی تازە بەم زووانە ئەنجام دەدرێت.