سەردێر

ڕێكخراوی بەدر: پێشمەرگە بەمشێوەیە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ كەركوك

خەڵك-
بەرپرسی ڕێكخراوی بەدر لە پارێزگای كەركوك، ئاماژە بە بوونی ئەو گوشارانە دەكات كە لەلایەن پارتی و یەكێتی دەكرێنە سەر كازمی بۆ سەرلەنوێ‌ بڵاوەپێكردنی پێشمەرگە لە پارێزگای كەركوك، ڕەتیشكردەوە بەو گوشارانە سەركەوتووبن.

محەمەد مەهدی بەیاتی، بەرپرسی ڕێكخراوی لە كەركوك، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”حكومەتەكانی كازمی و عەبدولمەهدی، هەوڵیاندا كارئاسانی بۆ گێڕانەوەی پێشمەرگە بكەن بۆ كەركوك، بەڵام بەهۆی بوونی ڕەتكردنەوەیەكی میللی لەنێو كەركوك لەلایەن عەرەب و توركمان، سەركەوتوو نەبوون”.

بە وتەی بەیاتی”دەستور پێشمەرگەی وەك هێزەكانی پاراستنی هەرێم ناساندووە و ناكرێت لە دەرەوەی هەرێم بەكاربهێنرێت، هەر ئاماژە و هەواڵێكیش لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە هەبێت بۆ كەركوك، كەشێكی نائارامی لای كەركوكییەكان دروست دەكات”.

ئەو سەركردەیەی ڕێكخراوی بەدر دەڵێت”خەڵكی كەركوك نایەوێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ نێو كەركوك، تەنیا ڕێگە بە بوونی حزبە سیاسییەكان و بارەگای حزبە كوردییەكان دەدرێت لە كەركوكدا بن، ئەمەش شتێكی ئاساییە”.