سەردێر

“شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل سیاسییە، نەک ستەمکار و ستەملێکراو”

خەڵک – نزار جەزا

چاودێرێکی ئیسلامی سیاسی باس لەئەوەدەکات، بەرگرییەکی کوێرانەی ئایدۆلۆژییانە لەهەریەکە لەفەلەستین یان ئیسرائیل دەکرێت، لەکاتێکدا ئەمە شەڕێکی سیاسییە و قوربانییەکانیش هاوڵاتییانی مەدەنین لەئیسرائیل یان فەلەستین. هاوکات جەختلەئەوەدەکاتەوە هەڵوێستی کرداری یان قسەکردن بۆ بەرگری لەفەلەستین چارەسەر نییە، بەڵکو تاکە چارەسەر گفتوگۆی ئاشتییانەیە، چونکە شەڕەکە نابەرامبەرە.

 

بەهمەن تاهیر نەریمان نوسەر و چاودێری ئیسلامی سیاسی لەم چاوپێکەوتنەیدا بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، پشتگیریکردنی ستەملێکراو و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکار لەناو مرۆڤدا چێندراوە، واتە پێویست ناکات کەسی بەرامبەر لەتۆدا بیچێنێت، وەک چۆن درۆکردن بابەتێکی نەشیاوە و پێویست بەئایدۆلۆژیەتێک ناکات ئەمە لەتۆدا بچێنێت، بەهەمانشێوە لەئاوەزدا چێندراوە کە دەبێت پشتگیری ستەملێکراو بکرێت.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، ئەگەر مرۆڤێک جوو بێت یان موسوڵمان یان هەر ناسنامەیەکی هەبێت، ئەگەر ستەملێکراوبێت، دەبێت پشتگیری لێبکرێت.

 

باسی لەئەوەشکرد، ئەو ململانێیەی کە لەکوردستان هەیە لەسەر پشتگیریکردنی فەلەستین یان ئیسرائیل چۆتە ناو ئایدۆلۆژیا و ئایینەوە، واتە ئیسلامییەک بۆئەوە پشتگیری لە لەفەلەستینییەک ناکات کە ستەملێکراوە، بەڵکو لەبەرئەوەی هاو ئایینیەتی پشتگیری دەکات، واتە بابەتەکە مرۆڤدۆستانە نییە، و ئەوانەى پشتگیری لەئیسرائیلیش دەکەن بەهەمانشێوەن.

 

ئەوەشی باسکرد، ئەوەی ئێستا ستەملێکراوە، هاوڵاتییانی مەدەنین، کە نایانەوێت شەڕ ڕووبدات، ئەمانە بوونەتە سوتوی شەڕ، بۆیە پێویستە پشتگیری هەر هاوڵاتییەکی مەدەنی بکرێت، کە بوونەتە قوربانی ئەو شەڕە، ئەگەر فەلەستینی بێت یان ئیسرائیلی.

 

ڕوونیشیکردەوە، ململانێیەکی قورسی سیاسی لەنێوان سیاسییەکانی ئیسرائیل و فەلەسیتن دەبینن، واتە ململانێی ستەملێکراو و ستەمکارێک نییە، بۆیە دادگەری ئەوەیە، کە لەناو فەلەستین ستەملێکراو و ستەمکار دیاریبکرێت و لەناو ئیسرائیلیش بەهەمانشێوە ستەملێکراو و ستەمکار دیاریبکرێت.

 

وتیشی: لەهەرێمی کوردستان ململانێیەکی بێمانا و بێ بنەما دروستبووە، لەسەر ئەوەی ئیسلامییەک ئایدۆلۆژییانە بەرگری لەئیسلامییەکی فەلەستین دەکات و ئایدۆلۆژیایەکی دیکە بەرگری لەئیسرائیل دەکات، ئەم بابەتەش لەقوڵایی ململانێ سیاسییەکەوە دروستبووە، بەنمونە ئیسلامی سیاسی ئایین بۆ کاری سیاسی بەکاردەهێنێت، زایۆنیزمیش بەهەمانشێوە ئیستغلالی شعوری دینی بۆ ململانێی سیاسی دەکات، لەئەنجامدا ئەم شەڕە دروستبووە.

 

ئەوەشی باسکرد، هەرکاتێک چوویتە بەرەی پشتگیریکردن لەلایەنێکیان ئەوکاتە ناتوانی دادگەرانە بڕیاربدەیت، بەڵام کە لەدوورەوە وێنە گشتییەکەت بینی، ئەوکاتە دەبینی، کێیە خەریکی سیاسەتە، کە خەڵکی مەدەنییان کردۆتە قوربانی.

 

ئەوەشی خستەڕوو، هەڵوێستی کرداری و هەڵوێستی قسەش لەم دۆخەدا هەمان شتە و جیاوازی نییە، چونکە ئەو شەڕەی کە هەیە زۆر نابەرامبەرە، ئەوەی کە دەیباتەوە هەمیشە ئیسرائیلە، لەبەرئەوەی ئیسرائیل خاوەنی تەکنەلۆژیایەکی زۆر ورد و بەهێزی هەیە و ئابوورییەکی بەهێزی هەیە و خەڵکی زۆر بەتوانای هەیە، بەڵام لەبەرامبەردا زۆر دەستەوەستانە.

 

ئەوەشی وت: تاکە ڕێگە بۆئەوەی فەلەستین خاکی دیکە لەدەستنەدات و هاوڵاتییانی مەدەنیش نەبنە قوربانی، گفتوگۆ و ڕێگای ئاشتییە، نەک شەڕکردن.