سەردێر

وەزیری دارایی: كێشەی هەرێم و بەغدا سیاسییە و نابێت بە پشت بە هیوا ببەستین

خەڵك-

وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەبەرئەوەی كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا سیاسییە، نابێت پشت بە هیوا ببەستین.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی لە كلێمنس زێمتنەر كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری كرد، كلێمنس زێمتنەر پیرۆزبایی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 كرد و بە هەنگاوێكی گەورەی بۆ بەرەو پێشچوونی دارایی و ئابوری لە هەرێمی كوردستانی ناوزەند كرد.

ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاند، ئەڵمانیا دۆستی كوردە، بۆیە دەبێت ئەوانیش پاڵپشتی ئەم ڕێكەوتنەبن، لەبەرئەوەی كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا كێشەیەكی سیاسییە نابێت بە پشت بە هیوا ببەستین، بەڵكو دەبێت زیاتر واقعی بین.

وتیشی”حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدایە و دەستپێشخەری گەورەیان كردووە تاوەكو ڕێكەوتنێك بێتە ئاراوە لە بەرژەوەندی هەموو عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەت بێت”.