سەردێر

شەپۆلێكی گەرمای توند هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

خەڵك
كۆتای ئەم هەفتەیە كوتلە هەوایەكی زۆر گەرم لە ناوچەكانی باكووری ئەفریقاوە كاردەكاتە سەرناوچەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و شەپۆلێكی گەرما ناوچەكە دەگرێتەوە، پلەكانی گەرما نێوان ٤٠ تا 46 پلەی سلیزی بەرزدەبێتەوە .

ئاراس جەبار ، شارەزایی كەشناسی تایبەت بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند ، كۆتای ئەم هەفتەیە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە كوتلە هەوایەكی زۆرگەرم لە ناوچەكانی باكووری ئەفریقاوە كار دەكاتە سەر ناوچەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان.

وتیشی ،”لەڕۆژانی هەینی و شەممە كاریگەریەكەی قوڵ دەبێتەوە لەسەر ناوچەكە و پلەكانی گەرما لەسەنتەری پارێزگاكانی ھەرێم بەرزدەبێتەوە بۆ ٤٠ تا ٤٣ پلەی سلیزی و لەگەرمیان و ناوچە نزمەكان بۆ نێوان ٤٣ تا ٤٦ پلەی سلیزی”.

ڕاشیگەیاند، پلەكانی گەرما بەرادەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، كە بۆ ئەم كاتەی ساڵ تێكرایەكی زۆر بەرز لە سەروو تێكرای ئاسایەوە دەبێت بەڕاورد بەساڵانی ڕابردوو، كە هێشتا لەكۆتای مانگی دووهەمی وەرزی بەهارداین.