سەردێر

فەیسبووك و تویتەر هەژماری بەرگریكارانی غەزە دەسڕنەوە

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە ئیسلامییەكان لە دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی تەنها لە سۆشیال مێدیاوە ئەسپی بەرگرییان لە غەزە تاوداوە

خەڵك-

سۆشیال مێدیای فەیسبووك و تویتەر سانسۆر لەسەر هەندێك لە بابەتەكانی پەیوەست بە شەڕی غەزە دادەنێن بە چەندین شێواز لەوانە سڕینەوە، رێگری لە گەیشتنی بابەتەكان و شاردنەوەیان.

فەیسبووك و تویتەر رێگری لە ئەو هەڵمەتە دەكەن كە لەلایەن هێندێك كەسەوە دەستیپێكراوە بە ئامانجی پشتیوانیكردنی غەزە و گرووپی حەماسی ئیسلامی و دژایەتیكردنی ئیسرائیلدا.

فەیسبووك و تویتەر هۆشدارییان بە بەكارهێنەرانیان داوە لە ئەگەری بەردەوامیدان بڵاوكردنەوەی ئەو بابەتەی پەیوەست بە غەزە بە تەواوی هەژمارەكانیان دەسڕنەوە.

هاوكات فەیسبووك هەژماری ژمارەیەك رۆژنامەوانی عەرەبی سڕیوەتەوە و هێندێك بابەتیشی سڕیونەتەوە.

ئەمە لە حاڵێكدایە لە زۆرینەی دەوڵەتی ئیسلامی و عەرەبی دۆستان و لایەنگران و ئەندامانی حیزب و گرووپە ئیسلامییەكان لە رێگای سۆشیال مێدیاوە هەڵمەتی پشتیوانیكردنی غەزەیان دەستپێكردووە، بە پێچەوانەوە بە كرداری لە دەرەوەی شاشەكان هیچ هەنگاوێكیان نەناوە.

هەرێمی كوردستانیش بێبەش نەبووە لە ئەم حاڵەتە، زۆرینەی لایەنگر و ئەندامانی حیزبە ئیسلامییەكان لەگەڵ زۆرێك لە هاووڵاتیانی كوردستان رووبەڕوون لەسەر قەیرانی غەزە، بەڵام پسپۆڕان و چاودێران و بەشێك لە هاووڵاتیان رەخنەی ئەوە لە ئیسلامییەكان دەگرن كە تەنها لە سۆشیال مێدیاوە خەبات بۆ غەزە دەكەن، بەپێچەوانەوە هیچ كردارێكیان نییە، تەنانەت ئامادەی سازكردنی خۆپیشاندانێكیش نین.