سەردێر

یەكەكانی پاسەوانی هەڵدەوەشێنرێنەوە

خەڵك-ئارام سەردار

وەزیری ناوخۆ دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەڕلەمان بۆ ڕوونكردنەوە دەربارەی هەنگاوەكانی چاكسازی لەوەزارەتەكەی وەك لەدووەم ڕاپۆرتی چاكسازی هاتووە ڕایگەیاند، هەموو ئەو یەكە پاسەوانیانەی هەن لەوەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ وەك زێرەڤانی و بەرگری فریاكەوتن هەڵدەوەشێتەوە و هەمووی لەچوارچێوەی یەك بەڕێوەبەرایەتی لەوەزارەتی ناوخۆ یەك دەخرێن.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند، ئێمە ئەوەی پێویست بوو لە جێبەجێ كردنی یاسای چاكسازی لەچ قۆناغێكداین پێمان وتن، پەیڕەوی تایبەت بەیەكخستنەوەی یەكەی پاسەوانی دەرچووە، بڕیاریشی لێدراوە سەرەڕای ڕێگری، بەڵام بەتێگەیشتنی هەمەلایەنە گەیشتۆتە قۆناغی جێبەجێكردن، بەڕێوەبەرایەتی پاسەوانی دروست دەكرێت، هەموو ئەو یەكە پاسەوانیانەی هەن لەوەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ وەك زێرەڤانی و بەرگری فریاكەوتن و پۆلیس هەڵدەوەشێتەوە و هەمووی لەچوارچێوەی یەك بەڕێوەبەرایەتی لەوەزارەتی ناوخۆ یەك دەخرێن، بەڵام پڕۆسەیەكی پشوو درێژ دەبێت.

دەشڵێت، پڕۆسەكەیان پێویستی بەپشتیوانی پەڕلەمان و لایەنە سیاسییەكان هەیە، داوا لەهەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەین ئەو بڕگەیەی پەیوەستە بەلایەنە سیاسییەكان هاوكاری باش بن بۆ ئەوەی بتوانین خشتەو ڕێنمایی تایبەت بەپاسەوانی بارەگا حزبییەكان دەربكەین.

ئەوەشی خستەڕوو، چەندین پڕۆژە یاسای تریشمان لەبەردەستە لەچوارچێوەی یاسای چاكسازی وەك كۆمپانیا ئەمنییەكان لەئەنجوومەنی وەزیران پەسەند كراوەو ڕەوانەی پەڕلەمان دەكرێت، لەڕووی ئیداریشەوە پێداچوونەوە بەڕاژەی كارمەندانیان كراوەتەوە.