سەردێر

بۆ پاراستنی چیای ئەزمەڕ و گۆیژە چەند بڕیارێك درا

خەڵك
لە سلێمانی رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە لەئەگەری سوتان و زیان گەیاندن بە ژینگەو سروشتی ناوچەكە دەگیرێتەبەر و قائیمقامی شارەكەش دەڵێت هەر كەسێك پابەند نەبێت رووبەرووی سزای یاسایی دەكرێتەوە.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی رایگەیاند: بەھەوڵی دامەزراوەكانی حكومەت و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و رێكخراوەكان لە سلێمانی لە ماوەی چەند مانگی رابروودا، رووبەرووی ٨٠٠ دۆنم زەوی سەوز كراوە و نزیكەی ١٠٠ ھەزار نەمام لە چیاكە رووێنراوە ئەمە جگە لەو ھەزاران درەختەی كە خۆی لە چیاكەدا ھەیە.

لە كۆبوونەوەكەدا دوای ھەڵسەنگاندن و تاوتوێكرنی بژاردەكان بۆ پاراستنی چیاكە چەند بڕیارێك درا و قائیمقامی سلێمانیش رایگەیاند ھەر كەسێك پابەند نەبێت رووبەرووی رێكارو سزای یاسایی دەكرێتەوە.

بڕیارەكان…
١.لەزووترین كاتدا دەست دەكرێت بە ئاگر بڕ بۆ پاراستنی ئەزمڕ و گۆیژە بە ئامانجی رێگریكردن لە ئاگركەوتنەوە و زیان گەیاندن بە دارو ژینگەی چیاكە.
٢.كۆشك و خواردنگەكانی سەرچیاكە پێویستە مۆڵەتی رێگەپێدانی دامەزراوە پەیوەندیدارەكانیان ھەبێت و پابەند دەكرێن بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن .
٣. مانەوەی گەشتیار و ھاوڵاتی لە شەواندا تاكو بەیانی و خەوتن لە چیاكە قەدەغەیە.
٤.ئاگركردنەوە لەسەر چیاكە بەھەموو شێوەیەك قەدەغەیە.
٥.تیمەكانی بەرگری شارستانی لە ئامادەیی تەواودا دەبن بۆ رێگری لە سوتانی چیاكەو ئەگەری ئاگر كەوتنەوە.
٦.تیمی ھێزە ئەمنییەكان لە ئاسایش و پۆلیس و ھاتووچۆ بڕیارەكان جێبەجێ دەكەن.
٧.داوا لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكەین لە بڵاوكردنەوەی ھەڵمەتێكی فراوانی ھۆشیاركردنەوە بۆ پاراستنی ژینگەو سروشتی شوێنە گەشتیارییەكانی سلێمانی ھاوكارمان بن .
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی

May be an image of 4 people