سەردێر

پارێزگاری هەولێر پێشوازی لەو خێزانەكرد كەلە توركیا هێرشیان كرایە سەر

 

خەڵك-ئارام سەردار

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لەو خێزانە كوردەكرد كە لە توركیا هێرشیان كرایەسەر، ڕاشیگەیاند، ئەوە دەستدرێژی بووە بۆ سەر تاكی كورد و شكۆی مرۆڤ، ئێمەش خۆمان بەبەرپرسیاری پاراستنی دەزانین.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەداخەوە ئەوەی ڕوویدا ڕووداوێكی ناخۆش بوو لەلایەن هەندێ نەژادپەرست، ئەوەشی ڕوویدا دەستدرێژی بووە بۆ سەر تاكی كورد و شكۆی مرۆڤ و هەستی هەموومانی هەژاند.

دەشڵێت، لەدوای ڕووداوەكە وەكو حكومەت بەدەنگ هاتووین و نیگەرانیەكانمان گەیاندە كونسوڵی توركیا و ئەوانیش نیگەران بوون و بەڵێندرا ئەوكەسانەی ئەوكارەیان كردوە دەستگیربكرێن بۆیە هەر زوو دەستگیركران و ئێستاش ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامی دادگا دەكەین.

ئەوەشی خستەڕوو، لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دژایەتی كورد كراوە ئەوە بەهەڵوێستی فەڕمی حكومەتی توركیای نازانین و وەك چۆن لێرەش هەندێ قسەكرابوو هەڵوێستی حكومەتی هەرێم نیە، ئێمە و توركیا دوو دراوسێی گرنگین.

ئومێد خۆشناو دڵنیایی دایە هەر گەشتیارێك لەهەرێم كە ئەركی پاراستنی لەئەستۆ دەگرن، ئومێدیش دەكەن ڕووداوی لەمشێوەیە دووبارە نەبێتەوە، هەڵوێستی حكومەتی توركیا و پۆلیسی توركیا پێمان دەڵێت ڕووداوی لەم شێوەیە دووبارە نابێتەوە،بەڵگەكانیش بەنامەیەكی فەڕمی ئاڕاستەی توركیا دەكەن.

لای خۆشیەوە بێستوون یەكێك لە ئەندامانی ئەو خێزانە كوردەی هێرشیان كرایەسەر وتی، براكەی بەمەسەتی گەشت چووەتە توركیا و بەئۆتۆمبێل هاتوونەتەوە بەردەمی ئۆتۆمبێلی براكەی ڕاستەوخۆهێرشیان كراوەتەسەر.