سەردێر

بڕیاری نوێ بۆ دەروازە سنوورییەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان دەدرێـت

تا 21ی ئایار مەرزەكان بە داخراوی دەمێننەوە

خەڵک – نزار جەزا

لێپرسراوی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان ئێران و هەرێم نوێترین زانیاری خستەڕوو.

ئیسماعیل عەلی ئاغا، لێپرسراوی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە(خەڵک)ی راگەیاند، پێشتر بەبڕیاری کۆماری ئیسلامی ئێران تاکو ٢١ی ئەم مانگە واتە تاکو چوار ڕۆژی دیکە هاتوچۆی گەشتیار لەنێوان عیراق و ئێران لەڕێگەی مەرزەکانەوە قەدەغەکرابوو، بەڵام لەدوای ئەو بەروارەوە چاوەڕێی بڕیاری نوێن.

ئاماژەی بەئەوەشدا، لەدوای ئەو بەروارەوە نازانن ئایا هاتوچۆی گەشتیاران دەکرێتەوە یان نا، بۆیە چاوەڕێی بڕیاری نوێن لەکۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

باسی لەئەوەشکرد، تەنها ئەو کەسانەی کە هەڵگری ڤیزای خوێندنن یان نەخۆشن یان بازرگان و وەبەرهێنن دەتوانن سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن.

ئەوەشی باسکرد، لەم کاتەدا هەرکەسێک گەشتبکات کۆمەڵێک ڕێکاری تەندروستی بۆ دەگرنەبەر، دوای کرانەوەی مەرزەکەش بەڕووی گەشتیاراندا ئەو ڕێکارانە هەر بەردەوامدەبن.

ڕوونیشیکردەوە، تاکو ئێستا بەکارهێنانی ڤاکسین بۆ گەشت نەکراوەتە مەرج، بەڵام پشکنینی کۆرۆنا بۆ هەر گەشتیارێک مەرجە.

دوایڕاگرتنی گەشتی ئاسمانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانبۆ ماوەی زیاتر لەساڵێک، لەبەرواری ٢\٥\٢٠٢١دا گەشتەکان دەستیانپێکردەوە.

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەیڤایرۆسی کۆرۆنا تاکو ئێستا لەهەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٦٠ هەزار و ٥٠٠ تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، کە لەوڕێژەیە چوار هەزار و ١٥٧ تووشبوو گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکەش چاکبوونەتەوە و کەمێکیشیان لەژێر چارەسەردان.

لەدەستپێکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان و عیراق، گەشتەکانی نێوان عیراق و ئێران و ژمارەیەک وڵاتی دیکە ڕاگیرا.