سەردێر

هەرێم و بەغدا ڕێككەوتوون لەسەر ڕێكنەكەوتن

شاندێكی تەكنیكی سەردانی بەغدا دەكەن بۆ گفتوگۆ لەبارەی میكانیزمی ناردنی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە

خەڵك
چەند مانگێك بەسەر پەسەندكردنی بودجەو ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا تێپەڕیوەو تا ئێستا ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێنەكراوە و ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت هەردوولا ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی ڕێكنەكەون.

موسەننا ئەمین، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند
پێش ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا لە لێدوانەكانمدا ئەو ڕێككەوتنەم ناو نابوو ڕێككەوتن لەسەر ڕێكنەكەوتن، بەغدا و هەرێم ڕێككەوتون لەسەر ئەوەی ڕێك نەكەون بەو واتایەی هەرێم چیدەوێت بیكات و شەرعیەتی فرۆشتنی نەوتی لە یاسادا دەست بكەوێت لە یاسای بودجە و بەغداش بەویستی خۆی بێت كە بودجە بنێرێت یان نا، ئەمە جەوهەری ئەوڕێككەوتنە بوو كە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا كرا.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەر لەسەرەتاوە وتم كە شاندی دانوستانكاری هەرێم بۆ ئەوە نایەن كێشەی خەڵك چارەسەر بكەن بەڵكو بۆ ئەوە دێن كێشەی خۆیان وەك دەسەڵاتداران و حكومەتی هەرێم چارەسەر بكەن و شەرعیەتی فرۆشتنی نەوت بەدەستبهێنن كە لەوەدا سەركەوتووش بوون.

دەشڵێت، كێشەی خەڵك لێبڕینی مووچەو نەبوونی خزمەتگوزارییە، بازاڕ وەستاوە خەڵك لە دڵەڕاوكێدا دەژی ، دەرچووەكان دانامەزرێن و چەندین كێشەی دیكەش هەیە و ئەو كێشانە بەو بودجەیە چارەسەر نابن.

“شاندێكی تەكنیكی سەردانی بەغدا دەكەن بۆ گفتوگۆ لەبارەی میكانیزمی ناردنی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە”

موسەننا ئەمین باسیلەوەشكرد، زانیاریمان هەیە كە بەم نزیكانە شاندێكی تەكنیكی سەردانی بەغداد دەكەن بۆ ئەوەی لەدەقەكانی ڕێككەوتنەكەوە بزانرێت هەرێم چەندێك پارەی بەردەكەوێت.

وتیشی، لە ڕابردوودا كە هەرێم نەوتی فرۆشتووە جار هەبووە 450 ملیار دیناری لە بەغدا وەرگرتووە و ئێستا بەو جۆرەی لە ڕێككەوتنەكەدا دیاریكراوە 50 ملیار بۆ 100 ملیار دانراوە ئەگەر بێت یان نەیەت، كە پێموایە عیراق بیانوو دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی پارەكە نەنێرێت و بیانووەكانیش ڕوونن.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەبوو زووتر هەرێم ئەو لایەنە هونەریانەی بودجەی لەگەڵ بەغداد یەكلایی بكردایەتەوە چونكە چەند مانگێك بەسەر پەسەندكردنی بوجەدا تێپەڕیوەو هێشتا ڕێككەوتنەكە جێبەجێنەكراوە.

وتیشی، شاندەكە دەبێت بڕوات چونكە هەندێك وردەكاری هونەری هەیە لەیاسای بودجەدا كە باسی ڕادەستكردنی داهات دەكات ئایا داهاتی نەوت دەدرێتەوە بەبەغدا و ئەوان بەشی هەرێم دەنێرن یان بە لێبڕین دیاریدەكرێت، ئایا داهاتی ناوخۆی هەرێم چەندەو بەغدا ئەو خەمڵاندنەی قبوڵە كە هەرێم دایناوە یان خۆی لیژنەی بۆ دادەنێت بۆ دیاریكردنی.