سەردێر

گومان لە پشکنینی PCR دەکرێت

هێندێک هاووڵاتی: نیشانەى قورسی کۆرۆنامان هەیە، بەڵام پشکنینەکانمان نێگەتیڤە

سلێمانی – نزار جەزا

 

لەئێستادا ژمارەیەک هاوڵاتی هەندێک نیشانەى کۆرۆنایان هەیە و بەنیشانەکاندا وادەردەکەوێت کە کۆرۆنایانە، بەڵام لەئەنجامی پشکنینیدا دەرناچێت، کە کۆرۆنایەتی، لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەى شەهید هێمنی تایبەت بەکۆرۆنا ڕوونکردنەوەی بۆ (خەڵک)دا.

 

داهات حەوێزی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەى شەهید هێمنی تایبەت بەکۆرۆنا بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەو بابەتە چەند هۆکارێکی هەیە، کە بریتین لەم چەند خاڵەی خوارەوە:

 

یەکهەم: لەوانەیە کەسەکە تووشی کۆرۆنا نەبووبێت، بۆیە لەپشکنینی PCRدا دەرناکەوێت، کە کۆرۆنایەتی.

 

دووهەم: لەوانەیە کەسەکە تووشی کۆرۆنا بووبێت، بەڵام لەیەکەم و دووەم ڕۆژی سەرەتای تووشبوونی بەکۆرۆنادا پشکنین دەکات، ئەو کاتەش لەپشکنینی PCR دەرناکەوێت کۆرۆنایەتی.

 

چوارهەم: لەوانەیە کەسەکە تووشی پەتایەک بووبێت، یان هەستیاری هەبێت، بۆیە هەندێک نیشانەى لێدەرکەوتووە، بەڵام کۆرۆنا نییە.

 

ئەو پزیشکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئەو کەسە نیشانەى هەبێت و لەپشکنینیش دەرنەچوبێت، کە کۆرۆنایەتی، بەڵام بەرکەوتەى لەگەڵ تووشبوێکی کۆرۆنا هەبووبێت، دەبێت کەسەکە وادابنێت کۆرۆنایەتی و خۆی لەتێکەڵاوبوون بپارێزێت، ئەو کاتەش بەپشکنینی خوێن دەردەکەوێت کە تووشی کۆرۆنا بووە.

 

ناوبراو ئاماژەى بەئەوەشدا، پشکنینی PCR بۆ هەموو جۆرەکانی کۆرۆنا دەبێت و دەردەکەوێت کە کۆرۆنایەتی، چونکە هەمان پڕۆتینن، بەڵام لەجیهانیشدا بەجۆرێکە کە لەسەدا ٣٦ی ئەو تووشبووانەى پشکنینی PCR دەکەن ئەگەری هەیە، کە ئەنجامەکەی نێگەتیڤ بێت.

 

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاکو ئێستا لەهەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٦٠ هەزار و ٥٠٠ تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، کە لەو ڕێژەیە چوار هەزار و ١٥٧ تووشبوو گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکەش چاکبوونەتەوە و کەمێکیشیان لەژێر چارەسەردان.