سەردێر

سلێمانی..بەهۆی نەمانی شوێنەوە گەشتیاران لەنێو پارکدا خەوتن

سەرجەم هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی پڕ لەگەشتیاربوون

سلێمانی – نزار جەزا

سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان ڕایدەگەیەنێت، ئەم جەژنە زۆر خۆش و بێ کێشە بوو لەهەموو ڕووێکەوە، چونکە هیچ گلەییەکیان لەسەر نەبووە و ڕێژەیەکی زۆر باش لەگەشتیار روویان لەسلێمانی کرد.

 

مەحمود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەم جەژنە زۆر خۆش و بێ کێشە بوو لەهەموو ڕووێکەوە، چونکە هیچ گلەییەکیان لەسەر نەبووە و ڕێژەیەکی زۆر باش لەگەشتیار روویان لەسلێمانی کرد.

 

ڕوونیشیکردەوە، بەجۆرێک شەوێک جێگەنەبوو گەشتیار لێی بمێنێتەوە، بۆیە بەئاگاداری ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان ١٨ خێزانی گەشتیار لەنێو پارکی ئازادی مانەوە.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، نزیکی ١٥٠٠ ناوەندی گەشتیارییان هەیە، ئەم ناوەندانە ساڵی ڕابردوو بەهۆی کەرەنتینەوە هیچ داهاتێکیان نەبووە، بۆیە ئەمساڵ کە بەم ڕێژە زۆرە گەشتیار ڕوویتێکردوون، داهاتێکی زۆر باشیان بۆ چووە.

 

ڕوونیکردەوە، بەهۆی ئەوەی داهاتی گەشتیار بۆ حکومەت نییە، بەڵکو بۆ هاوڵاتییە، زۆر سوودی بۆ گەشەکردنی ئابووری هەیە.

 

باسی لەئەوەشکرد، لەسەدا ٦٠ی ناوەندە گەشتیارییەکان کرێچین، کە مانگانە لەملیۆنێک دینارەوە تاکو سەروو ٥ ملیۆن دینار مانگانە کرێ دەدەن.

 

لە ١١ی ئەم مانگەوە تاکو دووەم ڕۆژی جەژن نزیکی ٨٥ هەزار گەشتیار ڕوویان لەسلێمانی کردووە.

 

ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هاتنی گەشتیار بۆ سلێمانی سفر بوو، بەڵام ساڵی 2019 ملیۆنێک و 300 هەزار گەشتیار ڕوویان لەسلێمانی کر، ساڵی 2018 زیاتر لەملیۆنێک گەشتیاربوو.

 

بەهۆی بوونی ئارامی و ئاسایش و سروشتێکی خواکردی سەرنجڕاکێشەوە لەهەرێمی کوردستان، لەدوای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە ساڵ لەدوای ساڵ هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان زیادیانکردووە.