سەردێر

تەندروستی هەرێم لەسەر هەڵوەشانەوەی خوێندنی ئەمساڵ ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەتی دەكاتەوە ئەمساڵی خوێندن هەڵوەشێنرێتەوە و دەشڵێت: “لە هەر خوێندنگەیەك تووشبووی كۆرۆنا هەبێت، ئەوا دادەخرێت”.

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ ئاژانسی (المعلومە)ی عێراقی ڕایگەیاندووە، شانەیەكی هاوبەش لەنێوان وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی و حكومەتە خۆجێییەكانی هەرێم پێكهێنراوە بۆ بەدواداچوونی چۆنیەتی بەڕێوەچووونی پڕۆسەی خوێندن.

ڕاشیگەیاندووە، لە هەر خوێندنگەیەك تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەربكەوێت ئەوا بەپەلە ئەو خوێندنگەیە دادەخرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهیچ شێوەیەك ناكرێت ساڵی خوێندنی ئەمساڵ هەڵبوەشێنرێتەوە، چونكە ئەو كارە زیان بە خوێندكاران دەگەیەنێت بەتایبەتی بە نەوەی نوێ‌ و پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن.

جەختیشی كردۆتەوە، دەستكراوەتەوە بە دەوامی ناو پۆل لە خوێندنگەكان و پابەندبوون بە ڕێكاری توندی تەندروستی، بۆیە پێویستە لەسەر كاربەدەستان هاوكارمان بن بۆ تەواو كردنی ئەو پڕۆسەیە.

بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم و لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم، لە ئەمڕۆوە یەك شەممە 16ی ئایار پڕۆسەی خوێندن لە ناو پۆلەكان بۆ سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن بە شێوەی تەناوب و 3 ڕۆژ لە هەفتەیەكدا دەستی پێكردەوە.