سەردێر

“بەرهەم ساڵح حزبە كوردییەكان لە پێشهاتە نوێییەكان ئاگادار دەكاتەوە”

خەڵك-
وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەردانەكەی چەند هەفتەی ڕابردووی سەرۆك كۆمار بۆ لای لایەنە كوردییەكان لەهەرێم، بۆ ئاگاداركردنەوەیان بووە لە پێشهاتە نوێیەكانی ناوچەكە، دەشڵێت: “بەرهەم ساڵح و مەسعود بارزانی كۆبوونەوەیەكی دوور و درێژیان ئەنجامداوە”.

حەسەن جیهاد، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاند، پێش سەردانەكەی بۆ هەرێم، چەند جارێك سەرۆك كۆمار چاوی بەسەرۆكی هەرێم و هۆشیار زێباری كەوتووە، ئەوانیش دەستپێشخەریەكەیان بەلاوە گرنگ بووە، بەرهەم ساڵح بۆیە چوو بۆ هەرێم، پەیوەندی نێوان لایەنەكان پێویستی بەپێداچوونەوە و چاككردنە، یەكڕیزی لەم قۆناغەدا بۆ هەرێم گرنگە، هەروەها هەرێمیشی هاندا بۆ باشكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ بەغدا.

ڕاشیگەیاندووە، لایەنەكان هەوڵەكانی سەرۆك كۆماریان پێباشبوو، بۆیە دوای هەوڵەكانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم هاتە سلێمانی و لەگەڵ لایەنەكان كۆبووەوە، ئومێد هەیە كۆبوونەوەكان بەردەوام بن، تا بگەنە ڕێككەوتن، بەتایبەت پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی ئاسایی بێت باشترە، وەك لەوەی ئێستا.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە پێشهات و ڕووداوەكانی ناوچەكە وادەخوازێت كورد یەك هەڵوێست بێت، بەتایبەت دكتۆر بەرهەم نمونەی دوای ساڵی 2003 ی هێنایەوە، كاتێك كورد لەبەغدا یەكدەنگ بوو، خواستەكانی جێگیربوو، دوای هەڵبژاردن گەر شتی تر بێتە پێشەوە، پێویست بەوە دەكات یەكڕیزبین.