سەردێر

بۆچی لە كوردستان خۆپیشاندان بۆ غەزە ناكرێـت؟

سەركردەیەكی بزووتنەوەی ئیسلامی: هەوڵی خۆپیشاندان دەدەین

خەڵك-

لە سەرانسەری دەوڵەتانی عەرەبی و جیهانییەوە خۆپیشاندان لە دژی هێرشەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەزە بەڕێوەدەچن،، بەڵام لە باشووری كوردستان دەنگی ناڕەزایەتییەكان تەنها لە نێو سۆشیاڵ میدیادا ماوەتەوە و سەركردەیەكی بزووتنەوەی ئیسلامیش ڕایدەگەیەنێت، لە ڕۆژانی داهاتوو كار بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوە دەكەین.

سەلام كەریم ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، وەكو حزبە ئیسلامییەكان بە گشتی و بزووتنەوەی ئیسلامی بەتایبەتی خۆمان بە بەشێك لە ئەو ڕووداوە دەزانین كە ئەو برا موسڵمانانەمان دەیكێشن.
وتیشی”وەكو بزووتنەوە یەكەم ڕۆژی دوای بۆردومانەكەی غەززە وەفدێكمان بە ڕەسمی سەردانی كونسوڵخانەی فەلەستینی كرد و هاوخەمی و پشتیوانی بزووتنەوەمان پێڕاگەیاندوون”.
ئاشكراشیكرد، لە ئێستادا لە كوردستان ئەوەندە دەتوانین كە بڵێین هاوئازار و هاوخەمیانین، بەڵام وەكو كۆبوونەوە و گربوونەوەی جەماوەری تا ئەمساتە هیچ ئامادەكارییەك نەكراوە، بەڵام دەگونجێت وەكو لایەنەكان پشتیوانی و هاوخەمیان بۆ دەربڕین، چونكە پرسی فەلەستین و غەززە و كورد لەیەك نزیكن و هەمویان لەلایەن نەیارانیانەوە دەچەوسێنرێنەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، داخوازی ئەندامان و لایەنگرانمان لەسەر ئەنجامدانی گردبوونەوە و خۆپیشاندان زیادی كردووە و دەكرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا كاری لەسەر بكەین.

هەڵمەتی نێو سۆشیال مێدیای هاوسۆزانی غەززە پەلی كێشاوە بۆ تۆمەتباركردنی زۆر كەسی دیكە كە ڕەنگە هاوسۆزی ئیسرائیل بێت بە كۆمەڵێك هۆكار یاخوود بێ دەنگ بێت بەلایەوە گرینگ نەبێت چ ڕوو دەدات، لە بەرامبەردا رایەكی دیكەش دروست بووە، كە ئەوانەی پشتگیری غەزە دەكەن تەنها هاتووهاواری نێو فەیسبووكە بۆ موزایەدەیە و لایك و كۆمێنت، هیچ دیكەیان لەدەست نایەت.