سەردێر

هۆشداری مەترسیداری داعش لە ناوچە كێشەلەسەرەكان دەدرێت

خەڵك-

ئەندامانی شانە نووستووەكانی داعش لە ڕۆژانی ڕابردوودا دژی پێشمەرگە و سوپای عێراق چەند ئوپەراسیۆنێكیان ئەنجامدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەك لەو هێزانە.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی هێزەكانی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ئەگەر هەیە داعش دووبارە هێرشی مەترسیداری دیكە دژی هێزە كوردییەكان و سوپای عێراق ئەنجام بدات.

وتیشی”داعش شێوازی خۆی لە شەڕی دژبە پێشمەرگە و سوپای عێراق گۆڕیوە و ئەو گرووپە لەبری ئەنجامدانی ئوپەراسیۆنی فراوان دەستیكردووە بە هێرشی سنووردار و ئامانجدارتر، ئەوەش بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی چەندین هێزێكی پێشمەرگە و سوپای عێراق”.

جەختیلەوەش كردەوە، مستەفا كازمی فەرمانی كردووە هاوكاری زیاتر لە بواری هاوبەشكردنی زانیاری هەواڵگری لەگەڵ پێشمەرگە بكرێت.

ناوە ناوە چەكدارانی داعش هێرشەكانیان بۆسەر پێشمەرگە وسوپای عێراق و حەشدی شەعبی ئەنجام دەدەن و لەبەرانبەردا زیانی گیانی مادی و ماڵی بەدوایخۆیدا دەهێنێت، ئەمەش لەكاتێكدایە چەند ساڵێك لەمەوبەر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆتاییهاتنی لە عێراق ڕاگەیاند، بەڵام لە ئێستادا ئەو هێزە جموجوڵەكانیان دەستپێكردووەتەوە.