سەردێر

چارەسەرێك بۆ مووچەی فەرمانبەران دەخرێتەڕوو

خەڵك-
پەڕلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق چارەسەرێك بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە عێراقەوە و جێبەجێ‌ كردنی یاسای بودجە دەخاتەڕوو، دەشڵێت: “دەبێت شاندێكی هونەری سەردانی بەغدا بكات”.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العیراقیە) ئاماژەی بەوەكردووە، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا تاوەكو ئێستا ڕەوانە نەكراوە بەهۆی بوونی كێشەی هونەرییەوە.

وتیشی، “چارەسەری جێبەجێ‌ كردنی ماددەی 11 لە یاسای بودجەی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان دەكرێت لەڕێی ناردنی شاندێكی هونەرییەوە بێت لە هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو ڕێككەوتن بكەن لەسەر شێوازی هەژمار كردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی و شێوازی هەژماركردنی پشكی هەرێم لە بودجەدا و میكانیزمی ناردنی”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆبوونەوەی شاندی هونەری دەبێتە هۆی دیاری كردنی بڕی ئەو پارەیەی دەبێت بەغدا بیدات بە هەرێم و هەروەها ئەو بڕەش، كە لە ئەستۆی هەرێمە ڕادەستی بكات”.

دەشڵێت: “بودجە یاسایەكی ساڵانەیە و دەبێت لانی كەم هەژماری مانگەكانی (1 و 2 و 3 و 4 و 5) بكرێت و لێدەركردن بكرێت لە نێوان شایستەكانی هەرێم و پابەندییەكانی سەرشانی و ئەوەی دەمێنێتەوە بدرێت بە هەرێم”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ماوەی دوو مانگ زیاترە یاسای بودجە لە عێراق پەسەند كراوە و هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق پابەندی خۆیان بە ماددەكانی ڕاگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ‌ نەكراوە.