سەردێر

وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێكی بۆ خوێندنی ئەمساڵ دەركرد

خەڵك-
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لەناو پۆل بە شێوەی تەناوب دەركرد و جەختی كردەوە، هەر خوێندكارێك دەیەوێت لە ماڵەوە بخوێنێت دەبێت فۆڕمی بەڵێننامە پڕبكاتەوە و تاقیكردنەوە لەناو پۆل ئەنجام بدات.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گشتاندنێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە یەك شەممە ١٦/ ٥ /٢٠٢١ بەشێوازی بەنۆرە (تناوب)، بۆ قۆناغی (یەكەمی بنەڕەتی تا یازدەیەمی ئامادەیی)ی ( حكومی – ناحكومی) و ئەو قوتابخانانەی گوندەكان، كە پێشتر سێ ڕۆژ لە هەفتەیەكدا دەوامیان كردووە لەسەر یەك، بەهەمان شێواز بەردەوام دەبن:

دەقی گشتاندنەكە:
ئاماژە بەو دەسەڵاتەی لە كۆبوونەوەی ١٠ / ٣ / ٢٠٢١ لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێمان دراوە، لەدوای گفتوگۆكردن لەگەڵ بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا ، بریارمان دا بە :
١- دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە یەك شەممە ١٦/ ٥ /٢٠٢١ بەشێوازی بەنۆرە (تناوب) ، بۆ قۆناغی (یەكەمی بنەڕەتی تا یازدەیەمی ئامادەیی)ی ( حكومی – ناحكومی ) و ئەو قوتابخانانەی گوندەكان، كە پێشتر سێ ڕۆژ لە هەفتەیەكدا دەوامیان كردووە لەسەر یەك، بەهەمان شێواز بەردەوام دەبن .
٢- پێویستە هەمو لایەك پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەكان. دەسەڵاتی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان، جگە لە سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان و تیمی تەندروستی، دەدرێت بە بەڕێوەبەرانی پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیاریی هاوڕێی ڕەخنەگر، كە پێویستە چاودێرییەكی وردی جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان بكەن .
٣ – لە حاڵەتی توشبون و چارەسەركردنی كۆرۆنا لە ناوەندەكانی خوێندن بە هەماهەنگی نێوان تەندروستی و پەروەردەی پارێزگاكان، بەسەرپەرشتی بەڕێز پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان دەبێت.
٤- بەخێوكاری قوتابییان و خوێندكاران، ئەگەر ئارەزویان بێت منداڵەكەیان لە ناوپۆل نەخوێنێت، دەتوانن لە هەفتەی یەكەمی دەستپیكردنەوەی خوێندن فۆرمی بەلێننامە پڕبكەنەوە، كە بە خوێندنی ئەلیكترۆنی و پاڵپشتی ماڵەوە بەردەوام دەبن، بەڵام تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ لە ناوپۆل جێبەجێ دەكرێن.
٥- وەزارەتی پەروەردە ، وێڕای سوپاسی بۆ هەمو بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و ئەو مامۆستایە بەرێزانەی ڕۆلیان هەبووە لە خوێندنی ئەلیكترۆنی و دروستكردنی گروپەكانی تیلگرام و ڤایبەر و …. هتد ، وا پێویست دەكات بەردەوام بن لە كارەكانیان و لیژنەی خوێندنی ئەلیكترۆنی لە قوتابخانەكان بە كارایی بمێنێتەوە ، لە ڕێگای ئەو شێوازی پەیوەندیكردنانەی، كە بەكارهێنراون. دەتوانرێت ئەو سێ ڕۆژەی قوتابی لە ناوپۆل نییە، ئەركی ماڵەوەی زیاتر پێبدرێت و پەرە بە تواناكانی فێربوونی بدرێت ، تەنیا لەو بابەتانە كە پێویستە تاقیكردنەوەیان لێبكرێت، لەگەڵ خشتەی بەشەوانەكان، كە لە گشتاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەكانی وەزارەتدا هاتووە و پێشتر ڕایانگەیاندوە و بۆ دامەزراوەكانی وەزارەت ناردراون، لەم ڕوانگەیەوە كاری لیژنەی خوێندنی ئەلیكترۆنی بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
١٥ ی ٥ی ٢٠٢١