سەردێر

كازمی دەربارەی ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ هەرێم بڕیارێك دەردەكات

خەڵك-
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ئاشكرای دەكات، كە سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە لە دوای جەژنەوە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا جێبەجێ‌ بكرێت.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشمەرگە لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العیراقیە) ڕاگەیاندووە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕێنمایی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان هەولێر و بەغدای داوە، كە تایبەتە بە ناوچە كێشە لەسەرەكان، بۆیە ڕاستەوخۆ دوای جەژن جێبەجێ دەكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، لەمیانەی كۆبوونەوەكانی پێشوو گەیشتووینەتە ڕێككەوتنێكی هاوبەش بۆ پێكهێنانی ژووری هاوئاهەنگی بۆ ناوچەكانی خانەقین و كەركووك و مووسڵ و مەخموور، ڕێككەوتنەكەیش لەژێر ڕۆشنایی پێشنیارەكانی كازمی بووە.

دەشڵێت: “لە 9ی ئایار شاندێكی باڵای ئەمنی بە سەرۆكایەتی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون، كە دوای جەژنی ڕەمەزان ڕاستەوخۆ دەست بەجێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە بكرێت”.