سەردێر

چەند زانیارییەك لەسەر چارەسەر بە ڕێگای تەبخیر كردن

خەڵك-
پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵان چەند زانیارییەك لەسەر چارەسەری كۆكە و هەناسەتەنگی بە ڕێگای هەڵم (تەبخیر) كردن بڵاودەكاتەوە و دەشڵێت: “ترسیی ئەوەی نیە منداڵ لەسەری ڕابێت”.

د.پەروین محەمەد، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو منداڵانەی تووشی هەناسە تەنگی دەبن بەهۆی هەستیاری سنگ یان هەوكردن لە كۆئەندامی هەناسە زۆر جار پێویستیان بەو جۆرە چارەسەرە دەبێت.

دەشڵێت: هەندێك جار دایك و باوك نیگەرانی ئەوە دەبن و دەپرسن ئایا منداڵەكەیان ڕادێت لەسەری؟

لە وەڵامدا ئەو پزیشكە دەڵێت: “ئەو چارەسەرە تەنها بۆ شێدار كردن و فراوانكردنی ڕێڕەو و بۆریچكەكانی هەوایە، كە بەهۆیەوە منداڵەكە دەتوانێ ئاسانتر ڕێڕەوی هەناسەی پاك ببێتەوە لەو دەردراوانەی هەیەتی بەهۆی نەخۆشیەكەیەوە و هەناسەدانی ئاسانتر و باشتر دەبێت، بەهیچ جۆرێك تووشی ڕاهاتن نایە بەو چارەسەرە”.

سەبارەت بە زیانە لاوەكییەكان، د. پەروین ڕوونی كردۆتەوە، زیانی لاوەكی كەمە و لەزۆربەی كاتدا جێگای مەترسی نیە، كە بریتین لە زیاد بوونی لێدانەكانی دڵ بۆ ماوەیەكی كاتی و كەم بوونی پۆتاسیۆم لەخوێندا ئەگەر زۆر بەكاربێت.

ئەو پزیشكەی منداڵان ڕێنمایی دایكان و باوكان دەكات، “ئەو منداڵانەی كە نەخۆشی هەستیاری سنگیان هەیە و ڕۆژانە بەكاری دێنن بۆ ماوەیەكی زۆر وا باشترە ئەو خۆراكانەیان زیاتر بدڕێتێ، كە پۆتاسیۆمی زۆرترە وەكو ماست، مۆز، پەتاتە، سپێناغ، بڕۆكلی”.

جەختیشی كردەوە، ئەگەر منداڵەكەت تای بەرز بوو واباشترە تایەكەی كەم بكەیتەوە ئینجا تەبخیر كردنەكەی بۆ بكەی، چونكە تای بەرزیش دەبێتە هۆی زیادبوونی لێدانەكانی دڵ.