سەردێر

پێشبینیەكان بۆ گەرمای وەرزی ھاوینی ئەمساڵ ڕاگەیەنرا

خەڵك-
شارەزایانی بواری كەشناسی پێشبینییەكانیان بۆ دۆخی كەشوهەوای هاوینی ئەمساڵ بڵاودەكەنەوە و بەپێی ڕاپۆرتەكانیش هاوینی ئەمساڵ پڕوكێنەر دەبێت و لە چەند ساڵی پێشووودا وێنەی نەبووە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ھاوینی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكەدا پێشبینی دەكرێت یەكێك بێت لەگەرمترین ھاوینەكان بە جۆرێك تێكڕای پلەكانی گەرمی لە مانگەكانی (ئایار تا تەمموز) بە ڕێژەی 70- 80% لەسەروو تێكڕای ئاسایی خۆیەوە بێت و لە مانگەكانی (ئاب تا تشرینی یەكەم) بەڕێژەی 60- 70% لەسەروو تێكرای ئاسایەوە بێت.

ڕاشیگەیاند، ھاوینێكی زۆر گەرم ئەبێت بەراورد بە وەرزی ھاوینی چەندین ساڵی ڕابردوو.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەوەرزی پاییزی ساڵی ڕابردوو بۆ زستان و بەھاری ئەمساڵ پلەكانی گەرما بە زۆرینەی ڕۆژەكان لەسەروو تێكڕای ئاساییەوە بوون بەمەش كەمترین سەرما و سۆڵە لە وەرزی زستاندا تۆمار كراوە و ڕێژەی بەفر بارین لە ناوچە شاخاویەكاندا بەڕادەیەكی بەرچاو كەمبوو بەراورد بە ساڵانی رابردوو.

دەشڵێت: “ئێستا، كە لە ناوەندەكانی وەرزی بەھارداین شەپۆلی گەرمای ھاوینەیی ناوچەكانی گرتۆتەوە، سەرەڕای كەمی ڕێژەی بارانبارین، كە لەتەواوی ناوچەكان لەژێر ئاستی ئاسایی ساڵانەوە بووە “.