سەردێر

تەندروستی جیهانی بۆ دوای خۆكوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا هۆشداری دەدات

خەڵك-
دوای بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ دەستبەردار بوون لە ڕێكار خۆپارێزی بەستنی دەمامك، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لە پابەندبوونی ئەو كەسانەی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا خۆیان كوتاوە بە بەستنی دەمامك لەو ناوچانەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەكەی زۆرە.

بەرپرسانی دامەزراوەی تەندروستی ئەمریكا ڕایانگەیاندووە، كە ئەو هاووڵاتییە ئەمریكیانەی بە ڤاكسینی دژی كۆرۆنا خۆیان كوتاوە لەمەودوا پێویستیان بە بەستنی دەمامگ نییە، بەڵام پێویستە تەنها لەناو هۆكارەكانی گواستنەوەی (فڕۆكە و پاس و شەمەندەفەر) لە فڕۆكەخانە و وێستگەكانی شەمەندەفەر بەكاری بهێنن.

سەبارەت بەو بڕیارەی ئەمریكا تا ئێستا ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بەشێوەی ڕاستەوخۆ هەڵوێستی خۆی ڕانەگەیاندووە، بەڵام ئاماژەی بەوەكردووە، كە “هەر بڕیارێك پەیوەستە بە دۆخی تەندروستی وڵاتەكە خۆیەوە و ڤاكسینەكانی دژی كۆرۆناش پارێزگاری تەواوەتی بۆ هاووڵاتیان دابین ناكەن”.

مایكڵ ڕاین، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بەرنامەی دۆخی لەناكاو لە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، “لەو وڵاتانەی كوتانی هاووڵاتیان بە ڤاكسینی كۆرۆنا بە فراوانی بەڕێوەدەچێت، بەڵام ژمارەی تووشبووانی بە ڤایرۆسەكە هێشتا بەرزە، پێویستە دەستبەرداری خۆپارێزی و بەستنی دەمامك نەبن”.

ڕاشیگەیاندووە، هەر وڵاتێك بیەوێت واز لەو ڕێكارە خۆپارێزیانە بهێنێت و بەستنی دەمامك لاببات ئەوا دەبێت ژمارەی تووشبووان و ئاستی كوتان بە ڤاكسین لەبەرچاو بگرێت”.

لای خۆشیەوە، سۆمیا سوامیناسان، گەورە شارەزای ڕێكخراوەكە دەڵێت: “بەپێی ئەو زانیاری و ڕاپۆرتانەی لە وڵاتانەوە دەستمان دەكەوێت سەبارەت بە هەڵمەتی كوتانی هاووڵاتیان، دەردەكەوێت ڤاكسینەكان ئاستی پارێزگاری لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەڕێژەی 70% بۆ 80% بۆ هاووڵاتیان دابین دەكەن”.