سەردێر

پەروەردە كات و شێوازی دەوامی خوێندكاران و مامۆستایان بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
بەهۆی هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا دەرگای خوێندنگەكان بە داخراوی ماونەتەوە و بڕیارە سبەینێ‌ یەك شەممە 16ی ئایار دەوام و پڕۆسەی خوێندن بەشێوەی تەناوب و 3 ڕۆژ لە هەفتەیەكدا دەستپێبكاتەوە.

وەزیری پەروەردە پەیامێك بە دایكان و باوكان دەدات
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی ھەرێم ڕایگەیاند، لەكاتی كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكان، ڕێكارەكانی خۆپارێزی بە تەواوی پەیڕەو دەكرێن و لەكاتی بوونی نیشانەی كۆرۆناش لە ھەر خوێندكارێكدا، پشكنین بۆ تەواوی ھاوپۆلەكانی دەكرێت.

وەزیری پەروەردە داواشی لە كەسوكاری خوێندكاران كرد، “لەكاتی ھەستكردن بە بوونی نیشانەكانی كۆرۆنا منداڵەكانیان نەنێرنەوە بۆ خوێندنگا و ئیدارەی خوێندنگاكانیان ئاگادار بكەنەوە”.

شێوازی دەوام و خوێندن چۆن دەبێت؟

خوێندنگەی بڕیاری شەهید ئاسۆ لە سلێمانی لە ئاگادارییەكدا بۆ خوێندكاران ئاماژەی بەوەكردووە، ڕۆژی یەك شەممە ٢٠٢١/٥/١٦ دەوامی خوێندنگە دەست پێ دەكاتەوە و ئاشنادەبینەوە بەماڵی دووەممان.

ڕاشیگەیاندووە، دەوامی خوێندنگە ھیچ گۆڕانكاری تیانەكراوە ھەروەك جاران ھەفتەی سێ ڕۆژە و یەك شەممە (دەوامی شین) پۆلی ٦/٥/٤ بەیانیانن و (دەوامی سور) پۆلی ٦/٥/٤ نیوەڕوانن.

لای خۆشیەوە، ئامادەیی قەڵادزێ‌ لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سبەینێ‌ یەك شەممە خوێندنی ناوپۆل بە شێوەی تەناوب ڕۆژێك ناڕۆژێك دەست پێدەكاتەوە و هەر ئەو ڕۆژە خوێندكارانی قۆناغی (دەیەم- بە زانستی و وێژەیی)ەوە دەوام دەكەن.

ڕاشیگەیاندووە، ڕۆژی دوو شەممە ١٧-٥-٢٠٢١ خوێندكارانی پۆلی (یازدەیەم- بە زانستی و وێژەیی)ەوە كاتژمێر (١)ی دوانیوەڕۆ پەیوەندی بە خوێندنگاوە بكەن بەمەبەستی وانە خوێندن و دەستپێكردنەوە و تە واوكردنی دەوامی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١، كە وەزارەتی پەروەردە بڕیاری لەسەرداوە.

جەختیشی كردۆتەوە، لە كاتی ھاتن بۆ خوێندنگا ڕەچاوی خۆپارێزی و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستیەكان بكرێت بە تایبەت بەستنی ماسك و پابەندبوون بە یەكپۆشی واتا جل و بەرگی فەرمی خوێندنگا و پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی تری وەك نەھێنانی مۆبایل بۆ خوێندنگا.

“خوێندنی ئەلیكترۆنی لێكەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوە”
موسلیم عەبدوڵا، جێگیری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەمیشە داكۆكیمان لەوە كردوو، كە پڕۆسەی خوێندن لەناو ناوەندەكانی خوێندن بەڕێوەبچێت، چونكە بەپێی ئەو سیستمە ئەلكترۆنیەی هەیە، خوێندكاران درێژە بەو پڕۆسەیە دەدەن پێمانوایە سەركەوتوو نابێت.

نیاز ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، خوێندنی ئەلیكترۆنی بەهۆی نەبوونی كارەبای بەردەوام و كەمی هێڵەكانی ئینتەرنێت و بەردەستنەبوونی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی وەك مۆبایل و ئایپاد و كۆمپیوتەر، گرفت بۆ پڕۆسەكە دروستبووە.

باسی لەئەوەشكرد، لەدەرئەنجامی بەدواداچوونەكانیاندا دەركەوتووە پڕۆسەی خوێندن بەئەلیكترۆنی سەركەوتوو نەبووە و لێكەوتەی خراپیشی لێكەوتۆتەوە.